رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـەمین خولی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان - هەولێر بەڕێوەچوو کە 229 خوێندکار بوونە خاوەن بڕوانامەی بەکالیۆریۆس و ماستەر.
رێوڕەسمەکە بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، زانکۆی کوردستان - هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکان لە هەرێمی کوردستان کە توانیویەتی چەندین خوێندکار بەرهەم بهێنێت و زۆر لەو خوێندکارانە توانیویانە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا رۆڵی سەرەکی ببینن و کاریگەریی باشیان هەبووە لە پێشخستنی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە دەستی هاوکاریکردنی بۆ بەرپرسانی باڵای عێراق درێژکردووە و ئامادەن ئەزموونی خۆیان لە بەڕێوەبردندا لەگەڵیان بەش بکەن، هاوکات نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو دۆخە سیاسییەی عێراق پیشاندا و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد گفتوگۆی پێویست بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە بکەن.
زانکۆی کوردستان هەولێر لە چوار سکوڵی زانست و ئەندازیاری- سکوڵی پزیشکی- سکوڵی کارگێڕیی کار- سکوڵی زانستە مرۆییەکان پێکهاتووە. لە 29 بەشدا لە قۆناخەکانی بەکالۆریۆس- ماستەر و یەک بەشی دکتۆرا خوێندکاران لە زانکۆی کوردستان - هەولێر دەخوێنن.
کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر لە گوتارێکدا رایگەیاند، "گرنگترین شت ئەوەیە خوێندکارانی ئێمە زۆرترین داواکارییان لە لایەن ئەو کەسانەوە لەسەرە کە لە هەرێمەکەدا هەلی کار دەڕەخسێنن. چەندین جار پێمان گوتراوە کە دەرچووانی ئێمە هەڵبژاردنی دامەزرێنەرەکانن. پێموایە چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە، یەکێکیان ئەوەیە کە دەرچووانمان ئینگلیزییەکی زۆر باش قسە دەکەن، بۆیە دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ جیهانی نێودەوڵەتی هەبێت کە ئەوەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هەر رێکخراوێک، بەڵام لەوە زیاتر ئەوەیە کە زۆر ئاسان رادەهێنرین و زوو فێر دەبن و بەباشی دەتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن. هەروەها فێری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە کراون، واتە جیهان بەو شێوەیەی کە هەیە قبووڵ ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت لە جیهان بکۆڵنەوە و بیگۆڕن بە شوێنێکی باشتر".