لە سلێمانی خەڵک روو لە سەمای بالێ دەکەن

20-07-2017
جەمال ئەحمەد جەمیل
جەمال ئەحمەد جەمیل
سەماكاران، سەما بەپێویستیەكی گرنگ بۆ هونەرەكەیان دەزانن
سەماكاران، سەما بەپێویستیەكی گرنگ بۆ هونەرەكەیان دەزانن
نیشانەکردن سەما بالێ سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

لە شاری سلێمانی خەڵک روو لە راهێنانی سەمای بالێ دەکەن و، دەیانەوێت بەو وەرزش و هونەرە، جەستەیەکی جوانیان هەبێت، و بیر و هۆشیشیان ئارام بێت. راهێنەرێکی سەمای بالێش دەڵێ: ئەمجۆرە سەمایە، دەتوانێ ببێتە ناسنامەیەک بۆ نیشاندانی کولتووری کورد.

لەڕێگەی چەند وانەیەكی سەمای هاوچەرخەوە، كاروان عومەر بەشداربووان رادەهێنێت، بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن، جەستەیان پڕ لە گوزارشت بێت و ئامادەبێت بۆ نمایشە جوڵەئامێزەكان. هاوكات لەڕێگەی ئەمكارە هونەرییەوە هەڵوێستە لەسەر چیرۆكە كوردییەكان دەكەن، تاوەكو بەزمانی جەستە ئەو چیرۆكانە بگوازنەوە دنیای دەرەوە و تێكەڵ بەكولتووری گەلانی بكەن.

كاروان عومەر، مامۆستای سەمای بالێ دەڵێ "ئەگەر بمانەوێت راستەوخۆ كولتووری ئێمە بەرەوپێشەوە بڕوات، دەبێت لەو بابەتانەوە دەست پێبكەین، كە بەر ژیانی خەڵك دەكەون، بەر دەروونی مرۆڤ دەكەون، بۆیە ئەمكارەی من سەرەتا بابەتێكی چارەسەرییە، لەهەمان كاتدا بابەتێكی كولتوورییە. بیرمان نەچێت هەموو میللەتانی جیهان توانیوویانە رێگەیەك لە سەمای هاوچەرخ وەربگرن و تایبەتمەندی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە. بۆ ئێمەی كورد باشترین تایبەتمەندی لەوەدایە دەتوانین بەزمانی جەستە چیرۆكەكەمان بگێڕینەوە و خۆمان بە دنای دەرەوە بناسێنین".  

سەماكاران، سەما بەپێویستیەكی گرنگ بۆ هونەرەكەیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت ناسنامەیەك بۆ ناساندنی كۆمەڵگەكەیان بەگەلانی جیهان بە سەما نیشانبدەن.

رۆزا ئەمین، کچە سەماکارێکی بالێ دەڵێ "سەما بۆمن ئەو هونەرە جەستەییەیە، چێژێكی زۆر تایبەتی هەیە. چەندین پارچەی جەستەت هەیە، لەوانەیە پێشتر جووڵەت پێنەكردبێت، لەڕێگەی سەماوە ئەو چانسەت دەبێت ئەو پارچانەی جەستەت بدۆزیتەوە، بێجگە لەوەش لایەنێكی رۆحی هەیە بۆ من و دڵخۆشكەرە".

نەبەز سەمەد، سەماكارێکی دیکەی بالێیە و دەڵێ "دەمانەوێت لەڕێگەی سەماوە خۆمان ئازاد بكەین، من بۆ ئەوە هاتووم جارێكی دیكە بگەڕێمەوە نێو خۆم و، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆمدا دانووستاندن بكەم، بۆ ئەوەی ئەو ونبوونەی خۆم".

سەمای هاوچەرخ هونەرێكی نوێیە لە بواری شانۆ و سەمادا، لەسەرەتاكانی سەدەی 20ـەمدا لەسەر دەستی چەند سەماكاری بەتوانا لەژێر درووشمی ئازادكردنی جەستە و بونیادنانی ئێستاتیكێکی نوێ كە لە ئێستای مرۆڤەكاندا بژی، بونیادنرا. 

 

پێداچوووونەوە: هەڵات رێبوار 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە