پارێزگاری نەینەوا ئامادە نییە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ یەکێتییەکان دەربکات

20-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری نەینەوا تاوەکو ئێستا ئامادە نییە فەرمانی کارگێڕی بۆ پۆستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربکات و لەسەر هەرسێکیان نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە. 
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە پاساوی جیاواز تاوەکو ئێستا عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی کارگێڕیی بۆ دەستبەکاربوونی بۆ بەرپرسانی هەرسێ پۆستەکەی یەکێتی دەرنەکردووە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگیان لەسەر دراوە و پەسندکراون.
 
یەکێتیی لە گۆڕانکاریی پۆستەکانی نەینەوا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە سێ پۆستی بەرکەوتووە، کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی وانکێ و سنوونێ کە ئەو پۆستانە ئێستا بەدەست پارتیی دیموکراتی کوردستانەوەن.
 
وێڕای ئەمەش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی دەڵێت لەبارەی هەرسێ بەرپرسەکەی یەکێتی بە پاساوی جیاواز نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، لەبارەی شیاویان بۆ ئەو پۆستە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێت، پاساوی قایمقامی مەخموور ئەوەیە، کە فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە نەک حکومەتی عێراق. پاساوی بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ ئەوەیە، تەنیا حەوت ساڵ خزمەتی هەمیشەیی هەیە و نزیکەی 9 ساڵیش گرێبەست بووە، کە دەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت یاخود نا، چونکە لانیکەم پێویستە 10 ساڵ فەرمانبەری هەمیشەیی بێت.
 
لەبارەی بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ-ەوە، کاتێک بووەتە فەرمانبەر بڕوانامەی سێی ناوەندی هەبووە، دواتری ئامادەیی و زانکۆی بەدەستهێناوە، پرسیار لە وەزارەتی دارایی کراوە، خزمەتی دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆی بۆ هەژمار دەکرێت، یاخود لەو کاتەی بە بڕوانامەی سێ ناوەندی بووەتە فەرمانبەر. 
 
بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە و زممار خزمەتی سەربازییان هەیە پرسیاری ئەوەی کردووە، کە ئایا خزمەتی سەربازی هەژمار دەکرێت یان نا. هی تەلعەفەر-یش رەتیکردووەتەوە، بەوەی کەیسی تاوانی لەسەرە.
 
لە یەکی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕییدا کرد، بەڵام ھاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی ھاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کران.
 
رۆژی 9ـی نیسانی 2025، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ سەرۆکی 7 یەکەی کارگێڕیی پارێزگاکەی دەرکرد، لە کۆی ئەو 20 یەکە کارگێڕییەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێیاندا و ململانێیەکی سیاسی و کارگێڕی لەو پارێزگایە لێکەوتەوە.
 
لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە 7ـی نیسان لەلایەن دادگەوە ‏بانگھێشتکرا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی "رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نەینەوا".
 
26ـی کانوونی یەکەمی 2024، دادگەی کارگێڕی سکاڵای 7 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژی لابردنیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی پارێزگاری نەینەوای لە دژی ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە