رووداو دیجیتاڵ
نرخی تەمامەتە لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و لە عەلوەکان کیلۆی بە نزیکەی 250 دینارە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک تەماتەی ئێرانی بە 250 دینار فرۆشراوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، تەماتەی نمرەیەکیش کیلۆی بە 500 دینار فرشراوە.
ئەو تەماتەیەی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەماتە هێندە هەرزان بووە بە زۆر کرێی هاوردەکردنەکەی دەکاتەوە، ئەمڕۆ کیلۆی تەماتەمان بە 265 دینار فرۆشتووە".
جیا لە عەلوەکان، ئێستا لە زۆرینەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کیلۆیەک تەماتە بە 500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە سەروەر عەلی گوتی: "لە دوای ئەوەی قەدەخەی هاوردەکردن لەسەر تەماتە هەڵگیرا، بەردەوام نرخەکەی دادەبەزێت".
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و لە 23ـی مانگی رابردوو، کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکان گەیشتە هەزار و 250 دینار و لە بازاڕەکانیشدا بە نزیکەی دوو هەزار دینار بوو.
دوای کەمبوونەوەی تەماتەی عێراقی، یەکی ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لابردنی قەدەخەی لەسەر هاوردەکردنی تەماتە راگەیاند.
لەکاتی پێگەیشتنی تەماتەی نێوخۆدا، جارێکی دیکە هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە دەکرێت، ئەویش بە ئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
پەتاتە گران بووە
بەهۆی نەمانی بەرهەمی نێوخۆ و نرخی پەتاتە نزیکەی مانگێکە گران بووە.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی لەبارەی نرخی پەتاتەوە گوتی: "ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەکی لە عەلوە بە نزیکەی هەزار دینار دەفرۆشرێت."
نرخی پەتاتە لە هەولێر هەرزانترە بەراورد بە سلێمانی. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ کیلۆیەک پەتاتە بە 750 دینارە".
پەتاتە لە بازاڕەکاندا کیلۆی بە هەزار و 250 بۆ هەزار و 500 دینارە.
ئەو پەتاتەیەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە سووریا و پاکستانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەوەی سووریا خواستی زیاتری لەسەرە.
لەکاتی پێگەیشتنی پەتاتەی نێوخۆدا، لە عەلوەکان کیلۆی بە کەمتر لە 500 دینار دەفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ