نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

20-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی گۆشتی سوور دابەزیوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵیش هۆکاری دابەزینی نرخەکە دەخاتەڕوو.
 
کاروان عەلی، گۆشتفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی گۆشت دابەزیوە و ئەمڕۆ کیلۆیەک نەرمەی گوێرەکە بە 14 هەزار دینارە".
 
بە گوتەی ئەو گۆشتفرۆشە، نرخی گۆشتی بەرخ، مەڕ و بزینیش دابەزیوە و کیلۆی بە 20 هەزار دینارە.
 
سەرەتای ئەم ساڵ کیلۆی گۆشتی نەرمەی گوێرەکە 18 هەزار دینار و بەرخ و مەڕ 23 هەزار دینار بوو.
 
ئاژەڵفرۆشێک: ئەو گۆشتە هەرزانە ئاژەڵی هاوردەیە
 
غوفران محەممەد، ئاژەڵفرۆشە و دەڵێت: "ئەو گۆێرەکەی گۆشتەکەی لە بازاڕدا کیلۆی 13 بۆ 14 هەزار دینارە یان پیرە یان نەخۆشە، چونکە گوێرەکەی خۆماڵی کیلۆی لە 18 هەزار دینار کەمتر نییە".
 
غوفران محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مەڕ و بزن کیلۆی لە 6 بۆ 7 هەزار و 500 دینارە بە زیندە قەپان، هەرچی گوێرەکەیە کیلۆی بە نزیکەی 7 هەزار و 500 دینارە، بەڵام جوانەگای هاوردەکراو کیلۆی بە 5 هەزار و 500 دینارە".
 
ئەو ئاژەڵفرۆشە گوتی: "نرخی بەرخی یەکساڵە کەمێک دابەزیوە و بە زیندە قەپان کیلۆی بە 8 هەزار و 500 دینارە".
 
بە گوتەی ئەو ئاژەڵفرۆشە، هەرزانبوونی گۆشت بەشێکیشی پەیوەندی بە هاوردەکردنی ئاژەڵەوە هەیە. دەشڵێت: "ئاژەڵی هاوردەکراو هەرزانترە و گۆشتەکەشی وەکو خۆماڵی خۆش نییە".
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری دابەزینی نرخی ئاژەڵ زۆرە، لەوانە؛ وەرز، کە ئێستا وەرزی بەهارە و تێچووی گەورەکردنی ئاژەڵ کەمترە بەراورد بە وەرزەکانی دیکە".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ رووداو، پێداویستی گۆشت لە هەرێمی کوردستان ساڵانە دەگاتە 90 هەزار تۆن، لەو بڕە نزیکەی 50 هەزار تۆنی بەرهەمی نێوخۆییە و نزیکەی 40 هەزار تۆنیش لە وڵاتە جیاوازەکانەوە هاوردە دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەو ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن لەنێو هەرێمی کوردستانیش بۆ ماوەی سێ رۆژ کەرەنتین دەکرێن، ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
 
فیراس سدیق گوتیشی: "چەند وڵاتێک هەن هیچ راپۆرتیان بە تەندروستیی جیهانیی نەداوە کە ئاژەڵەکانیان نەخۆشییان هەبێت، وەکو هیندستان یان وڵاتانی ئەفریقیا، بەڵام ئێمە مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتانەوە نادەین، چونکە متمانەمان بە سیستمی تەندروستییان نییە".
 
فیراس سدیق گوتیشی: "بازرگانانی ئێمە لە هەر وڵاتێکەوە ئاژەڵ هاوردە بکەن دەبێت پابەندی بڕیارەکان بن و ناکرێت لە هیچ وڵاتێکەوە ئاژەڵ هاوردە بکرێت کە نەخۆشی تێدا بڵاوبووبێتەوە، جگە لەوەش هەر ئاژەڵێک دەهێندرێتە هەرێمی کوردستانەوە دەبێت بڕوانامەی ئەوەی لەگەڵدابێت پێش هاوردەکردن لە وڵاتی خۆی 21 رۆژە کەرەنتین کرابێت و ئاماژە بەوەش بکرێت کە هیچ نەخۆشییەکی نییە".
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5 ملیۆن مەڕ و بزن و 250 هەزار گا و مانگا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی حەرەمی مەککە. وێنە: AFP

حەج و عومرە هۆشداری تووند لە حەجی بازرگانی دەدات؛ 'کێشەی شەرعی هەیە'

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری تووند لەبارەی بانگەشەی "حەجی بازرگانی" دەدات و دەڵێت، هەر کۆمپانیا و لایەنێک لەو بابەتەدا تێوەبگلێت رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو جۆرە حەجە کێشەی شەرعی هەیە".