گەنجێکی مێرگەسۆر نزیکەی 7 مانگە بێسەروشوێنە

دوێنێ کاژێر 05:19
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی دانیشتووی قەزای مێرگەسۆر، نزیکەی 7 مانگە لەماڵ دەرچووە و هیچ سۆراخێکی نییە، باوکی دەڵێت، دوایین جار لە ناحیەی دیانا بینراوە.
 
مەردان ئەسعەد محەممەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی مێرگەسۆرە، بە رادیۆی رووداوی گوت، نزیکەی 7 مانگە کوڕەکەی بەناوی (سەعد مەردان ئەسعەد) کە تەمەنی 41 ساڵە لەماڵ دەرچووە و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
 
باوکی سەعد بە رادیۆی رووداوی گوت، کوڕەکەی نزیکەی 10 ساڵە نەخۆشیی دەروونی هەیە، ماوە ماوە دەرمانەکانی نەدەخوارد و دۆخی خراپ دەبوو، دوایینجار لە رۆژی 8ـی ئەیلوولی 2024، ئێوارەبوو لەماڵ دەرچوو وەکو هەر رۆژێکی ئاسایی، بەڵام نەگەڕایەوە.
 
مەردان ئەسعەد دەڵێت، کوڕەکەی پێشتر چەندین جار لەماڵ دەرچووە و دواتر گەڕاوەتەوە، یان خەڵک ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی بەشەو یان لە هەرکاتێکدا لەدەرەوە بینیبێتان، چونکە خەڵک دەیزانی دەروونی سەعد بەو جۆرەیە.
 
باوکی سەعد لە رێگەی رووداوەوە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، هەرکەسێک هەر زانیارییەکی لەبارەی سەعدی کوڕییەوە هەیە، ئاگاداریان بکەنەوە، "چونکە ئەوە زیاتر لە شەش مانگە شوێن و جێگە نەماوە بۆ سۆراخی سەعد نەگەڕێین."
 
سەعد مەردان، تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی خوێندووە، بەڵام هیچ کارێکی نەبووە و ماوەی نزیکەی 10 ساڵە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە.
 
مەردان سەعیدی باوکی سەعد دەڵێت، "کوڕەکەم لەو کاتەوەی تووشی ئەم نەخۆشییە بووە بۆ لای چەندین پزیشک و شوێنمان بردووە، چەندین جار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، تاوەکو دەرمانەکانی بەکارهێنابووایە، باشبوو، بەڵام هەرکات دەستی لەدەرمانەکان هەڵگرتبووایە دۆخی تێکدەچوو."
 
لەبارەی سکاڵاکردن و ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئەمنییەکان، مەردان سەعید دەڵێت، هەموو لایەنە ئەمنییەکان، پۆلیس، ئاسایشیان ئاگادار کردووەتەوە لە ونبوونی کوڕەکەیان، هەروەها خەڵكیش ئاگادارە، داواکارن هەر کەسێک سۆراخی دەزانێ یان هەر زانیارییەکی هەیە ئاگاداریان بکاتەوە.
 
مەردان سەعید ئاماژەی بەوەدا دوایینجار کوڕەکەی لە ناحیەی دیانا بینراوە، هەر ئەوکات پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانی ئەو سنوورەیان ئاگادارکردەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە، چەندین جاریش وێنەیان لە سۆشیال میدیا بڵاو کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە