کۆمپانیایەکی گواستنەوە: لە بازگەکانی عێراق داوای بەرتیلمان لێ دەکەن

دوێنێ کاژێر 04:43
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کاڵا دەڵێت، لە بازگەکانی دارەمان و پردێ هەتاوەکو پارە نەدەن، رێگە نادەن بارەکانیان ببەنە بەغدا، دەشڵێت، دوو رۆژە لە بازگەی فیدراڵی پردێ پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت.
 
سامان نووری، خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کاڵایە لە هەولێر بە بارهەڵگری بچووک کاڵای بازرگانان دەگوازێتەوە شارەکانی عێراق. بە رووداوی گوت، "لە بازگەی کەرکووک کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکەن و  ماوەیەکی زۆرە ژیانمان نەماوە بەدەست بازگەی دارەمانەوە، بەڵام ئێستا دوو رۆژە لە بازگەی پردێش رێگری دەکەن و پارەمان لێوەردەگرن، ئەگەر پارە نەدەین، رێگە نادەن بارەکانمان بگوازینەوە."
 
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی لێیان وەردەگیرێت، سامان گوتی: "من رۆژانە سێ بارهەڵگری دوو تۆنی دەنێرمە بەغدا، بڕی پارەکە بەگوێرەی مەزاجی ئەفسەری بازگەکەیە، کەمترین پارە بۆ رۆژێک 100 هەزار دینارە و هەندێک کاتیش 400 هەزار دینارمان لێ وەردەگرن."
 
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە پارەیان لێوەردەگرن، سامان دەڵێت، "ئەو پارەیەی لێمان وەردەگرن بەبێ پسووڵەیە و هەمووی بەرتیلە لە خەڵکی وەردەگرن، جاران تەنیا لە بازگەی دارەمان بەرتیل لە بارهەڵگرەکان وەردەگیرا، بەڵام ئێستا ئێستا دوو رۆژە لە پردێ پارە وەردەگیرێت."
 
سامان نووری گوتیشی، "ئێمە بۆ هەموو بارێک پسووڵەی کۆمپانیا و مەنەفێست و هەمووی دەنێرین، بەڵام ئەوان پارەی خۆیان هەر وەردەگرن، بۆیە داواکارین لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری ئەم گرفتە بکەن."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە