گالەری

پایتەختی نەورۆزی کوردستان ئەمساڵیش نەورۆزێکی جیاوازی بەڕێکرد. هەرچەندە چاوەڕواندەکرا بەهۆی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزیی ئاهەنگەکانی گەرموگوڕ نەبن و سیمای ئاکرێی جارانی پێوە دیار نەبێت، بەڵام ئاکرێ بەبێ مەشخەڵی ئاگر و یاریی ئاگرین ساڵی نوێ دەستپێناکات.
 
هەزاران هاونیشتمانی لە ئاکرێ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و بەچاوی خۆیان رێوڕەسمە ناوازەکەی نەورۆز ببینن. بەشێکیان بە مەشخەڵەوە بەسەر چیای کەلێ سەردەکەوتن و ، بەشەکەی دیکەش لە دوورەوە بینەری دیمەنە باڵکێشەکانی دەبوون.
 
ئاوابوونی خۆر، بڵێسەی مەشخەڵ و ئاگر، دیمەنەکەی هێندەی دیکە ناوازەتر کرد. ئێستا ئاکرێ ناوێکی ناسراوە لە هەموو کوردستان و ئاوێتەی نەورۆز و ئاگر بووە.