سەندیکای کرێکارانی گەیاندن: بەهۆی بڕیارەکەی عێراقەوە 600 کارمەندی کۆمپانیای کۆڕەک بێکاربوون

20-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەندیکای کرێکارانی گەیاندن لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیكۆم دەکرێت "شەڕی ئابوورییە دژی هەرێمی کوردستان". سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، "بەهۆی بڕیارەکانی عێراقەوە نزیکەی 600 کارمەندی کۆمپانیاکە کارەکانیان لەدەستداوە".
 
سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "بڕیاری راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ملیۆنان بەشداربوو، بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بەبێ ئەوەی رەچاوی زەرەرمەندبوونی حەوت ملیۆن بەشداربووی کۆرەک تێلیکۆم بکرێت. بەهۆی هەمان بڕیاری نابەجێوە سەدان کارمەندی کۆڕەک تێلیکۆم کارەکانیان لە دەستداوە".
 
سەندیکای کرێکارانی گەیاندن کە ناوەندی فەرمییان لە هەولێرە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "ئەوەی بەرامبەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیكۆم دەکرێت زۆر روون و ئاشکرایە دەستەی گەیاندن و میدیا بووە بە بەشێک لەو پلانی شەڕە ئابوورییەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات و ئامانجی سیاسی و مەترسیداری لەپشتە".
 
سەندیکاکە دەڵێت، ئەرکی ئەوانە "هەموو رێگایەک" بگرنەبەر لەپێناو بەرگری لە مافی ئەو کرێکارانەی زیانیان بەرکەوتووە.
 
زێرەڤان بەهادین، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی گەیاندن لە کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 01ـی 11-2023ـەوە کە کێشە لەنێوان کۆڕەک تێلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق هەیە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کارمەندی کۆمپانیاکە لە کار لابراون".
 
بە گوتەی زێرەڤان بەهادین، ئەو کارمەندانەی لەکار لابراون لە خاڵەکانی فرۆشتندا لە سەرتاسەری عێراقدا کاریان کردووە. دەشڵێت: "کاریگەرییەکە هەر ئەوە نییە و پەیوەندی بە وەبەرهێنانیشەوە هەیە، چونکە کۆڕەک لە سەردەمێکدا لە عێراق وەبەرهێنانی کردووە و پارەیەکی زۆری خستووەتە پڕۆژەکەوە، سەردەمی ئەلقاعیدە بووە و کەس نەیدەوێرا پارە بخاتە پڕۆژەوە".
 
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی گەیاندن بۆ مافی کارمەندەکانی کۆڕەک گوتی: "لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک کۆدەبینەوە و دەمانەوێت مافی ئەو کارمەندانە بپارێزین کە کارەکانیان لەدەستداوە.. زیانەکان زۆر لە لابردنی کارمەندەکان زیاترە؛ چونکە ئەو هەموو سیمکارت و کارتانەی هەن هەموویان زیانیان بەرکەوتووە".
 
18-02-2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی".
 
دوای بڕیاری دەستەکەی عێراق، دوێنێ کێشە بۆ ئینتەرنێت و پەیوەندی لە کۆڕەک تێلیکۆم لە هەرێمی کوردستانیش دروستبوو، بەڵام دوای چەند کاژێرێک کێشەکە چارەسەر کرا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی گرفتی راگیرانی ئینتەرنێتەوە گوتی: ''کێشەی کۆڕەک کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵی 2007ـوە دەستیپێکردووە".
 
مازن سیروان بارزانی گوتی، ساڵی 2007 دەبووایە کۆڕەک بڕواتە شوێنی کۆمپانیای ''عێراقونا'' کە سێ ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 079 وەربگرێت، ''بەڵام بەداخەوە ئەو کات بە نایاسایی بەشداربووەکان دران بە کۆمپانیای زین. ئەمەش بوو بە بابەتی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو 2015 بەردەوام بوو".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تێلیکۆم، بەردەوام کێشەکەیان بردووەتە دادگە و ''ساڵی 2015 بڕیارێک لە دادگە دەرچوو کە ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەسەر کۆڕەک ماوەتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی کۆدی 079ـی بەشداربووەکانی نەگەڕێندرێتەوە، نایدات، بەڵام دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکە نابێت.''
 
وەک مازن سیروان بارزانی ئاماژەی پێدا، بڕی پارەکە 375 ملیۆن دۆلارە و 290 ملیۆن دۆلاریشی پێبژاردنی خراوەتە سەر، گوتیشی: ''تائێستا نۆ نووسراو لە دادگەوە بۆ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق نێردراوە، بۆ ئەوەی بڕیاری راگرتنی دانەوەی قەرزەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کشتوکاڵی گەرمیان: پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ 150 هەزار تۆن گەنممان هەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان رایدەگەینێت، سەرەڕای کەمبارانی، دۆخی کشتوکاڵی ناوچەکە لە چاو ساڵانی 2022 و 2023 باشترە و پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ 150 هەزار تۆن گەنمیان هەبێت.