چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر: 185 کەس لە خانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیدان

20-02-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، خانەیەکی تایبەت بۆ داڵدەدانی ئافرەتانی بێلانە کراوەتەوە. دەشڵێت، نزیکەی 185 کەس لە خانەکانی نەجەوانان و بەساڵاچووان و شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێرن.
 
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، خانەکە بە هاوکاریی رێکخراوێکی بیانی دەکرێتەوە و سێ کەسیش داواکاریان پێشکەش کردووە لە خانەکە وەربگیرێن.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن لە خانەکە، یوسف چاوشین گوتی: "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی لیژنەیەکی تایبەتمەند کەسەکان وەردەگرێن، ئەو کچانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ لە خانەی نەوجەوانان یان ئەو ئافرەتانەی لە شێڵتەری داڵدەدانن و مەترسییان لەسەر نییە دەکرێت ببرێنە ئەو خانەیە."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت هەن کە تایبەتن بە کوڕان و کچان و لەگەڵ دوو خانەی بەساڵاچووان و شێڵتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو.
 
یوسف چاوشین دەڵێت، ئەو دوو خانەیەی منداڵان نزیکەی 60 منداڵیان تێدایە، خانەکانی بەساڵاچووان نزیکەی 80 بەساڵاچوویان تێدایە. لە شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو بە بەردەوام 40 بۆ 45 ئافرەتیان تێدایە.
 
ئایە ئەو كچە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدایە، شەو و رۆژ بە چەند شەقامێکی هەولێردا دەسووڕایەوە، هاواری دەکرد و زۆرجاریش مۆبایلێکی بە دەستەوەبوو بە تەلەفۆن بە گریانەوە قسەی دەکرد. رۆژی 2ی شوبات راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کچەی لە کەناڵی رووداو راپۆرتی لەسەر کرا، لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە سەر فەرمانی پارێزگار (ئومێد خۆشناو) بۆ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێر گوێزرایەوە". بەڵام جارێکی دیکە کەوتووەتەوە سەر شەقامەکان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت: "هەموو ئەرک و مافێکی ئەو کچە، لە ئەستۆی براکەیدایە، چونکە پێشتر براکەی لە خانەی منداڵان وەریگرتووەتەوە، ئەگەر ئەو کچە دۆخێ دەروونی تایبەتی هەبێت دەکرێت ببرێتە نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ژنان لە سلێمانی و دوای چارەسەر ئێمە دەتوانین وەربگیرن لە خانەکانمان."
 
لەبارەی تۆمارکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تۆڕی چاودێری خێزان، یوسف چاوشین ئاماژەی بەوەکرد، "لە 2014وە هیچ ناوێکی نوێی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت تۆمار نەکراوە و لە 2015ش چاودێری خێزان تۆمار نەکراوە." 
گوتیشی: "لەساڵی 2023 لیژنەی وەزارەت 10 هەزار و 221 خاوەن پێداویستی تایبەت لیژنە بینیونی، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراون، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین."
 
لەبارەی پرۆژەی هاوکاری خێزانی خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێت: "لەهەوڵداین لەگەڵ سەرمایەداران و خێرخوازان بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا هاوکاری خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک قوتابی لەکاتی دەرچوونیان لە قوتابخانە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پەروەردەی سلێمانی: کۆمەڵێک تایبەتمەندیی زۆر بەسوود بۆ ئەپلیکەیشنی 'ئی- هەڵسەنگاندن' زیادکراون

وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، قوتابیانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی نمرەیان لە ئەپلیکەیشنی "ئی- هەڵسەنگاندن" بەردەست دەبێت. پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت: "کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێ بۆ ئەپلیکەیشنەکە زیادکراون کە لە بەرژەوەندیی مامۆستا و کەسوکاری قوتابیاندان."