خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی: ئەوانەی مانگی رابردوو مووچەیان کەمکرایەوە قەرەبوو دەکرێنەوە

20-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانگی رابردوو زیاتر لە 8 هەزار خانەنشینی سەربازی کە زۆرینەیان پلەدار بوون، مووچەیان بۆ نیوە کەمکرایەوە. بەرپرسێکی خانەنشینیی سلێمانی دەڵێت، بۆ مووچەی مانگی دوو، مووچەکانیان بە تەواوی وەردەگرن.
 
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لێبڕینەکەی مانگی رابردوو 8 بۆ 9 هەزار خانەنشینی گرتەوە کە هەمووی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام بۆ مووچەی مانگی دوو, کێشەکەیان چارەسەر کراوە." 
 
6ـی ئەم مانگە، ئەفسەرێکی خانەنشین بە پلەی موقەدەم لە پارێزگای سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی یەکدا بە رووداوی گوت, "مووچەمان بۆ زیاتر لە نیوە کەمکراوەتەوە، هەمانە پێشتر ملیۆنێک و 400 هەزار دینار مووچەی بووە، ئەمڕۆ 570 هەزار دیناری وەرگرتووە." 
 
هادی ئەکرەم گوتی، "بۆ مانگی دوو، خانەنشینانی سلێمانیش لێبڕینیان نابێت، هەروەها ئەوەی لە مووچەی مانگی یەک لێیان بڕدراوە، لە مووچەی مانگی دوو پێیان دەدرێتەوە." 
 
بە گوتەی هادی ئەکرەم، ئەو ئەفسەرەی مانگی رابردوو ئەگەر مووچەکەی ملیۆنێک دینار بووبێت و 500 هەزاری وەرگرتبێت، بۆ مانگی دوو، ملیۆنێک و 500 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
لەکاتی لێبڕینی مووچەی خانەنشینان، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، "ئەوانەی مووچەی خانەنشینیان کەمکراوەتەوە ئەوانەن کە مووچەکەیان سەر بە وەزارەتی داراییە. هۆکارەکەش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە دەستکاریکردنی مووچەدا نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە." 
 
لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ یاساکە بەسەر خانەنشینانی سەربازیدا جێبەجێ نەکرابوو.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو هاونیشتمانییەکە لەکاتی هەڵدێراندا زەبری قورس بەر سەریان کەوتووە.

لە شنۆ و مهاباد دوو کەس لە چیا هەڵدێران و گیانیان لەدەستدا

لە بەرزاییەکانی شارەکانی مهاباد و شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، دوو هاونیشتمانی هەڵدێران و هەردوو گیانیان لەدەستدا؛ بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، لەکاتی هەڵدێراندا زەبری قورس بەر سەریان کەوتووە.