کۆمیسیۆن پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی حوزەیراندا بکرێت

20-02-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، تێیدا پێشنیازکرا وادەی هەڵبژاردنەکە بخرێتە مانگی حوزەیرانەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە بەشداریی یۆنامی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێکرا و، کۆمیسیۆن خشتەیەکی خستەڕوو کە تێیدا روونکراوەتەوە بە چ شێوەیەک دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەببەن.
 
لە رابردوودا دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 11 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر لە ئەمڕۆوە (20ـی شوبات) دەست بە ئامادەکاری بکەن، لانیکەم چوار مانگیان پێویستە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ کاتی هەڵبژاردن دیاریبکرێت، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە 20ـی حوزەیران.
 
هاوکات، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لەو وادەیەى خستوویەتیەڕوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەوەى لەبەرچاو گرتووە، کە دەتوانێت لە ماوەى یاسایی کارکردنیدا رێکارەکانى هەڵبژاردن و رێوشوێنەکانى دواى دەنگدان بە گوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تەواو بکات".
 
بەگوێرەى هەمواری یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ ماوەى شەش مانگ درێژکرایەوە کە 7ى کانوونی دووەم کۆتایی دەهات، بەوپێیە 7ى تەمووز تەمەنیان کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کودستان، کۆمیسیۆن پێویستى بەهەمان کات نییە، کە هەڵبژاردنەکانى دیکەى عێراق پێویستیێتى کە 15 پارێزگا دەگرێتەوە. کۆمیسیۆن دەتوانێت لە ماوەی چوار مانگدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات و هەر لە ماوەیەدا وردبینى و تانەی ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و پەسندکردنى ئەنجامەکانى یەکلایی بکاتەوە.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ئەگەر سبەی دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، دەتوانن لە مانگی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن و پێش ئەم وادەیە ناتوانن ئامادەکارییەکانیان تەواو بکەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".