رووداو- هەولێر
(م) تا ماوەیەك لەمەوبەر كەسێكی خواپێداوبوو، بەڵام ئێستا كەسوكارەكەی هەر فریای ئەوە دەكەون قەرزی بۆ بدەنەوە، چونكە ئاڵوودەی كارێك بووە كە جگە لەوەی مایەپووچی كردووە، تا ئێستا سێ جاریش خۆی لە زیندان بینیوەتەوە.
(م.و.ح) گەنجێكی تەمەن 35 ساڵە، پێشتر خاوەنی كار و كاسبی خۆی بووە، دووكانی فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێلی هەبووە لە ناوچەی پیشەسازی باكوور لە شاری هەولێر، بەڵام دوای ماوەیەك ئەوەی هەیبوو لەدەستی دا، چونكە خووی دایە قوماركردن.
(م) كە ماوەی شەش مانگە دەستگیركراوە و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی هەولێرە، بە (رووداو)ی گوت: "باری داراییم زۆر باش بوو، خاوەنی دووكانی خۆم بووم، بەڵام دوای ئەوەی دەستم بە خواردنەوە كرد، تووشی قوماركردنیش بووم، هەرچی هەمبوو لە قومار دۆڕاندنم، ناچار دەستم دایە دزی و هەڕەشەكردن لە خەڵكی".
(م) دەڵێت بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2007 دەستی كردووە بە قومار "هاوڕێی خراپ تووشیان كردم، لەگەڵ ئەوان سەرەتا دەچوومە یانەكان دەمخواردەوە، دواتر هەر بەهۆی ئەوانەوە تووشی قوماركردن بووم، پارەیەكی زۆرم دۆڕاند، بەڵام نەمتوانی واز لەو خووە خراپە بهێنم".
بە گوتەی پۆلیسی هەولێر (م) ئەوە سێیەم جاریەتی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن و دزی لە خەڵك دەستگیر دەكرێ، یەكەمجار 15 مانگ لە زیندان ماوەتەوە، جاری دووەمیش چوار مانگ زیندانی كراوە، بەڵام ئەمە هیچ لە هەڵسوكەوتی نەگۆڕیوە و هەر دوای ئازادبوونی گەڕاوەتەوە سەر پیشەكەی.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "ئەو تۆمەتبارە چەندینجار هەڕەشەی لە خەڵك كردووە و بە زۆر پارەی لێسەندوون".
بە گوتەی رائید هۆگر، تۆمەتبار بەناوی پاسەوانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان خۆی بە خەڵك ناساندووە و داوای پارەی لێكردوون، پاشانیش نەك پارەكەی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە، بەڵكو هەڕەشەی كوشتنی لەو كەسانەش كردووە كە داوای پارەكانی خۆیان كردووەتەوە.
دوایین تاوانی (م) وەك پۆلیس ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوە بووە كە چەقۆی لەسەر ملی هاووڵاتییەك داناوە و بە زۆر 500 هەزار دیناری لێ سەندووە. رائید هۆگر دەڵێت: "(م) قۆڵی زیاتر لە 50 كەسی بڕیوە و بەناوی جۆراجۆر پارەی لێ سەندوون، هەروەها چەند تاوانێكی دزیشی كردووە، هەموو ئەو تاوانەشی بەهۆی ئاڵوودەبوونی بووە بە قومار". گوتیشی كە هەشت كەس سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە.
(م. و) نایشارێتەوە كە هەڕەشەی لە خەڵك كردووە و بە زۆر پارەی لێسەندوون "دوای ئەوەی هیچم نەما، بیرم لەوە كردەوە چی بكەم، ئیدی دەستم كرد بە دزی، پاشان بە ناوی پاسەوانی بەرپرسانی باڵای كوردستان هەڕەشەم لە خەڵك دەكرد و پارەم لێدەسەندن، توانیم بەو شێوەیە پارەیەكی زۆر كۆبكەمەوە".
رەفتارەكانی (م) كێشەی زۆری بۆ خێزانەكەی دروستكردووە، هەر ئەوەش وایكردووە حاشای لێ بكەن. برایەكی ئەو گەنجە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە تووڕەییەوە گوتی "من هیچ برایەكم نییە بەو ناوە، ئێمە كەسمان ئەو ناناسین".
ئەو برایەی (م) گوتیشی: "(م) كێشەی زۆری بۆ دروستكردووین، هەر فریای ئەوە دەكەوین قەرزی بۆ بدەینەوە، پێشتر باری داراییمان باش بوو، بەڵام بەهۆی قەرزەكانی ئەوەوە خەریكە پارەمان بەدەستەوە نەمێنێ، لانیكەم تا ئێستا 20 هەزار دۆلار قەرزمان بۆ داوەتەوە".
دەشڵێت: "هەر كەسێك پارەی بە قەرز دابێتێ هاتووەتە سەرمان. ئەو پێیگوتوون بچنە ماڵەوە قەرزەكانتان وەربگرنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ