رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی کۆچی دواییکرد.
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەداخەوە نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان کۆچی دواییکرد".
کەمال مستەفا نزیکەی 8 مانگە نەخۆش بوو، لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو. ئاوات دەباخ گوتی، لەم رۆژانەدا دۆخی تەندروستی زیاتر تێکچوو و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند: "بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئەندازیار کەمال مستەفا سەعید، بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی رادەگەیێنین".
کەمال مستەفا سەعید لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی پۆستەکەی وەرگرتبوو.
بزووتنەوەکە دەڵێت، "كاک كەمال هەڵسووڕاوێكی دیار، خاوەن پرەنسیپ و دڵسۆز بوو لە خزمەتی گشتی و ئەركەكەشیدا، گیانلەدەستدانی دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا لە دڵەوە خەمار و نیگەرانى کردین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ