بەهۆی بەفرەوە رێگەی زینی وەرتێ بەتەواوی داخرا

20-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

رێگەی زینێ وەرتێ کە هاتووچۆی ناوچەکانی هەردوو ئیدارەی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە و هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت بەکاریبهێنێت.
 
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "نزیکەی 10 سانتیمەتر بەفر باریوە و رێگەکە بە تەواوی داخراوە. سەرەتا ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسڵ دەیانتوانی رێگەکە بەکاربهێنن، بەڵام ئێستا ئەوانیش ناتوانن." 
 
رێگەی زینی وەرتێ بەرزی و پێچی زۆری تێدایە، ئەوەش هاتووچۆی لە رێگەکەدا سەختتر کردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ داوای لە هاونیشتمانیان کرد بۆ پاراستنی ژیانیان، بەهیچ شێوەیەک رێگەکە بەکارنەهێنن.
 
شۆڕش حەسەن گوتی، ئامێرەکانیان ئامادەن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە رێگەکە پاکناکەنەوە؛ گوتیشی: "کاتێک بەفربارین تەواو بوو و رێگەکەمان کردەوە، هاونیشتمانیان ئاگادار دەکەینەوە." 
 
12ـی ئەم مانگە، جارێکی دیکە هەمان رێگە بەهۆی بەفربارینەوە داخرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک کرایەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە