رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 98٪ی دانیشتووانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە"؛ گوتیشی، هێشتا نەوتەکەی بەغدایان وەرنەگرتووە.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 98٪ی تەواوبووە و خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە."
لەبارەی ئەو خێزانانەی تاوەکو ئێستا نەوتیان وەرنەگرتووە سەلام عومەر باسی لەوەکرد: "هەوڵ دەدەین ئەم هەفتەیە نەوتیان پێ بگەیێنین".
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 540 هەزار خێزان نەوتیان پێدەدرێت. ئێستا زیاتر لە 98٪ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە، واتە نزیکەی 530 هەزار خێزان".
نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر هەموو خێزانەکاندا "نزیکەی 108 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە."
بە گوێرەی داتاکانی دابەشکردنی نەوتی سپی، تاوەکو ئێستا نزیکەی "106 ملیۆن لیتر نەوت" دابەشکراوە.
لەبارەی پشکنین بۆ جۆری ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت، سەلام عومەر دەڵێت: "رۆژانە لەگەڵ گەیشتنی نەوت بۆ کۆگەکان، پشکنین بۆ کوالێتی و جۆرەکەی دەکرێت. ئەگەر نەوتەکە لە پشکنین دەرنەچوو، وەریناگرین".
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 16ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "یەکەم کاروانی نەوتی ماڵان لە عێراقەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
پێشتریش پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "بۆ سلێمانی 20 ملیۆن لیتر و بۆ هەڵەبجە 5 ملیۆن لیتر دەنێردرێت."
ئەو نەوتەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراوە و 200 لیتر نەوت بە 60 هەزار دینارە.
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشكردنی سووتەمەنی سلێمانی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا نەوتەکەی بەغدا بەدەستمان نەگەیشتووە و کەی بەدەستمان گەیشت، بە گوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیمان دابەش دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ