کشتوکاڵی تەقتەق: حەوزی ماسییەکان تێکنادرێن و مۆڵەتیان بۆ دەردەکرێت

20-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆی تێکدانی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق هەیە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، داواکاری گشتی داوای تێکدانی حەوزەکانی کردووە، بەڵام ئەوان پشتیوانیی مانەوەیان دەکەن. کشتوکاڵی سنوورەکەش دەڵێت، حەوزەکان تێکنادەن و مۆڵەتیان بۆ دەردەکەن.
 
زۆرترین بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری تەقتەقە لە پارێزگای هەولێر، بەهۆی نەبوونی مۆڵەت و زێدەڕۆییەوە دەنگۆی تێکدانی زۆرینەی حەوزەکان هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سنوورەکە دەڵێت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حەوزێکیان تێکنەداوە."
 
سەباح حاجی عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حەوزێکمان تێکنەداوە و بڕیاریشمان وایە تێکیان نەدەین، چونکە ئێستا خاوەن حەوزەکان خۆیان دێن و داوای مۆڵەت دەکەن، ئێمەش بەگوێرەی رێنوێنییەکان مۆڵەتیان پێدەدەین."
 
لە کاتێکدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان 420 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق دەڵێت، "لە سنوورەکەمان نزیکەی 1500 حەوزی ماسی هەن، بەرهەمەکەیان نەوەکو تەنیا بۆ نێوخۆ، بەڵکو بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەنێردرێت."
 
بەرهەمی حەوزەکانی تەقتەق مانگەکانی 10، 11 و 12 پێدەگات. سەباح حاجی عوسمان گوتی، "ئەو سێ مانگەی بەرهەم پێدەگات، رۆژانە 40 بۆ 50 تۆن بەرهەمی حەوزەکان هەیە و رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت."
 
هەر ئەمڕۆ هاوکار جەعفەر، سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی ماسی لە سنووری کۆیە و تەقتەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کیلۆیەک ماسی تەقتەق بە کۆ، بە 6200 دینارە و نرخەکەی تاڕادەیەک جێگیرە. ئەوەی دەفرۆشرێت رەوانەی هەموو شارەکان دەکرێت."
 
هاوکات بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەرزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی داوای تێکدانی حەوزەکانی تەقتەقی کردووە داواکاری گشتیی بووە نەوەکو ئێمە؛ ئێمە پشتیوانی مانەوەی حەوزەکان دەکەین."
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەرزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "بەهۆی حەوزە بێمۆڵەتەکانەوە ئاماری دروستی ماسیمان بەردەست نییە، بەڵام بە نزیکەی 50 بۆ 60%ـی پێویستی نێوخۆ ئێستا بەرهەمی ماسیی خۆماڵییە، بۆیە داواشمان کردووە حەوزەکانی تەقتەق مۆڵەتیان بۆ دەربهێندرێت."
 
لە بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، 420 پڕۆژەی ماسی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان 4 هەزار و 700 تۆنە. بێستوون بەکر گوتی: "ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە بەرهەمیان دیارە، بەڵام ئێمە زۆر زیاتر بەرهەمی ئەو پڕۆژانەمان هەیە کە بە زێدەڕۆیی دروستکراون و مۆڵەتیان نییە."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسییە، زۆرینەی بەرهەمی نێوخۆیە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بە شێوەی زیندوو و بەستوو هاوردە دەکرێت.
 
بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر تاکێک ساڵانە پێویستە 16 کیلۆ و نیو ماسی بخوات، لەسەر ئەو بنەمایەش بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ رێژەی پێویستیی نێوخۆ دیاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک.

رێبوار تەها: سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کەرکووک دەکات

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، لەم مانگەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگاکە دەکات؛ گوتیشی، ''بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و پاڵاوگەیەک دادەنێت.''