رووداو دیجیتاڵ
عوسمان بایدەمیر بە رووداوی گوت، ئەگەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان رێکنەکەون، دەرفەتی 100 ساڵە لەدەستدەدەن.
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاڤای رووداو، رایگەیاند: "رۆژئاوای کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا." گوتیشی کە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان ناڕوونە.
بایدەمیر دەڵێت، تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سووریا دا دەکات و ئامانجی ئەوەیە کورد لە سووریا نەبنە خاوەن پێگە. "یەک تکام لە کورد و کوردستانیان هەیە لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، حەیرانتان بم پەند لە مێژوو وەربگرن، ئەوەی 100 ساڵ لەمەوبەر لە باکووری کوردستان بەسەر باوباپیرانی ئێمەدا هات، تکاتان لێدەکەم ئێوە جارێکی دیکە بەسەر کورددا نەهێننەوە، تکاتان لێدەکەم کە ئێوە لە ژیانی قازی محەممەد پەند و ئامۆژگاری وەربگرن، تکاتان لێدەکەم سوود و ئەزموون لە هەرێمی کوردستان وەربگرن."
عوسمان بایدەمیر گەرەنتی ئەوە بە تورکیا دەدات کە رۆژئاوای کوردستان نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی و دەڵێت: "کاتێک پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە خۆش دەبێ؛ بۆچوون و تێکەڵاوی کوردانیش لە ئەنقەرە خۆش دەبێ. ئێمە گەرەنتی دەدەین کە رۆژئاوای کوردستان نەبێتە دوژمن و کێشە بۆ بۆ تورکیا، بە بڕوای من ئەمڕۆش نەبووەتە کێشە، بەڵام ئەنقەرە دەیکاتە بیانوویەک بۆ ئەوەی نەهێڵێت کورد ببنە خاوەن ستاتۆی خۆیان."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: پەیامی ئێوە زۆر گرنگە، داوای ئێوە لە حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان چییە لەم رۆژانەدا کە پێویستیان بە یەکهەڵوێستییە؟
عوسمان بایدەمیر: راستە رژێمێکی دیکتاتۆر لەنێوچوو، سوپاس بۆ خوا، بەڵام بەداخەوە هێشتا پاشەڕۆژی کورد و رۆژئاوای کوردستان روون نییە و دیار نییە. یەک تکام لە کورد و کوردستانیان هەیە لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، حەیرانتان بم پەند لە مێژوو وەربگرن، ئەوەی 100 ساڵ لەمەوبەر لە باکووری کوردستان بەسەر باوباپیرانی ئێمەدا هاتن، تکاتان لێدەکەم ئێوە جارێکی دیکە بەسەر کورددا نەهێننەوە، تکاتان لێدەکەم کە ئێوە لە ژیانی قازی محەممەد پەند و ئامۆژگاری وەربگرن، تکاتان لێدەکەم سوود و ئەزموون لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.
بە کورتی پەیامی من بۆ حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە شایستەی میللەتی خۆتان بن، بەڕاستی میللەتی ئێمە قوربانییەکی زۆر گەورەی دا، هیودارام ئەمڕۆ شایستەی ئەو قوربانیدانەی ئەوان بن، ماندوێتیی ئەوان ببێتە هۆی دەستەبەری ئازادی، ببێتە هۆی دروستکردنی ستاتۆیەک کە هەموو کورد لەژێر چەتریدا بە دیموکراسی و ئازادی بژین.
ئێمە لەسەر مێزی گفتوگۆ نەیبەینەوە، ئەو دەرفەتە زێڕینەی کە 100 ساڵ جارێک دێتەپێش؛ لە ژێر سەرکێشییەکی زۆر گەورەدا دەبێ.
رووداو: هیچ هۆکارێک هەیە وابکات کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەبنە یەک و پێکەوە نەچنە شام؟
عوسمان بایدەمیر: کە ئامانج کوردستان و ستاتۆی کوردستان بێت، بە بڕوای من هیچ کێشەیەک نییە. رەوایە حیزبێک بڵێ من کورد و کوردستانیم کە لەگەڵ حیزبێکی دیکە رێکنەکەوێت؟ خواست و بەرخۆدانی میللەت بۆچی بوو؟ بۆچی بە ملیۆنان کەس بێسەروشوێن بوون؟ 100 ساڵە باوباپیرانمان داوای چی دەکەن؟ داوای ئۆتۆنۆمی کوردستان دەکەن، داوای فیدراڵیی کوردستان دەکەن، داوای ئازادیی میللەتێک دەکەن. بەڕاستی ئەگەر رێکنەکەون بە بڕوای من؛ بە داخەوە هەزاران هەڕەشە و گوڕەشەی دراوسێیانمان لەسەرە، دەبێ ئەو دەستە ناوچەییە لەنێو خۆماندا ببینین، دەستی تاران، ئەنقەرە لە سووریا هەبوون، ئێستاش دەستی ئەنقەرە هەیە، تکا لە هەموو حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەم، بۆ من هیچ جیاوازییان نییە، چ رۆژئاوایی، باکووری، باشووری یان رۆژهەڵاتی بن، ئێستا ئەنقەرە وەکو تەرمێک سەیری سووریا دەکات، سووریا بووەتە تەرمێک بۆ تورکیا، دەیەوێ بەشی خۆی ببات. بۆچوونی ئەنقەرە لە سەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ (من وەکو کوردێکی باکوور ئەو قسەیە دەکەم)، ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەبنە خاوەنی ستاتۆیەک لە رۆژئاوای کوردستان. ئێمە لە پەرلەمان بووین؛ سەرۆکی شارەوانی بووین، لەنێو دانوستاندنەکانی دەوڵەتدا بووین، دەوڵەتی ئەنقەرە وا بیر دەکاتەوە کە ئەوان هەڵەیەکی گەورەیان کرد کە هێشتیان باشووری کوردستان فیدراڵی وەربگرێت، دەڵێن نابێ رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵەیە لە رۆژئاوای کوردستان بدەین و کورد ببێتە خاوەنی ئۆتۆنۆمی یان رێڤەبەرییەکی خۆسەر.
رووداو: زیانی چی دەبێت؟ بۆ نموونە ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی بۆ تورکیا هەیە؟
عوسمان بایدەمیر: هیچی نییە. لە بواری بازرگانی، کشتوکاڵ و پەیوەندیی مرۆییدا بەڕاستی پەیوەندییەکی زۆر باش و گەش هەیە و هەروەها کاتێک پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە خۆش دەبێ؛ بۆچوون و تێکەڵاوی کوردانیش لە ئەنقەرە خۆش دەبێ. ساڵانێکە لە ئەنقەرە دەڵێین، تائێستاش هیچ بەردێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەهاتووەتە باکووری کوردستان، نەهاتووەتە ئەنقەرە و نەهاتووەتە تورکیا، ئێمە گەرەنتی دەدەین کە رۆژئاوای کوردستان نەبێتە دوژمن و کێشە بۆ بۆ تورکیا، بە بڕوای من ئەمڕۆش نەبووەتە کێشە، بەڵام ئەنقەرە دەیکاتە بیانوویەک بۆ ئەوەی نەهێڵێت کورد ببنە خاوەن ستاتۆی خۆیان، چونکە ئەوان ئەوە لەسەر حسابی خۆیان دەبینن و بوونی خۆیان لەسەر نەبوونی کوردان بینا کردووە. بۆیە پێویستە کورد لەم رووەوە هۆشیار بێت. من وەکو کوردێکی باکوور داوا دەکەم هەموو خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان بە دەنگێکی بڵند بڵێن: ئێمە دوژمنی ئەنقەرە نین، دوژمنی تورک نین، هیچ کاتێکیش دوژمنایەتییان ناکەین.
بەڵام ئەگەر ئەو قسە بکەن و نەکەن، ئەوان (تورکیا) گوێیان لێی نییە. ئەوەی ئەوان لە دژی ئێمە بەکاری دێنن، ئێمە ئەو بیانووانە نەدەینە دەستیان. دووەمیش ئەوەیە کە ئێمە بزانین ئەو بیانووە تەنیا بیانووە، ئەوان مەبەستیان ئەو قسانە نییە، مەبەستیان ئەوەیە ئێمە لە سەربەخۆیی و فیدراڵی و سەربەستی دووربخەنەوە. تکای من ئەوەیە کە باوباپیرانمان پێش 100 ساڵ لەگەڵ ئەنقەرە دۆڕان، تکایە با ئەمجارەش نەدۆڕێین. نە بە تاران و نە بە ناوچەیەکی دیکە نەدۆڕێین.
رۆژئاوای کوردستان 3-4-5 ملیۆنە، رۆژئاوای کوردستان 3-4-5 شارە، باکووری کوردستان 25-30 ملیۆنە، 21 شارە، من وەکو کوردێکی باکوور، ئەو بارە ناخەمە سەر شانی رۆژئاوای کوردستان، ئەوە کاری رۆژئاوای کوردستان نییە. من وەکو باکوورییەک یەک هیوام بۆ رۆژئاوای کوردستان هەیە کە بگاتە سەربەخۆیی؛ کە ئەمە روویدا؛ بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی دەکرێت نەرمییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بکات، کە دیموکراسی هاتە سووریا هاتە عێراق؛ دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگەی خێر. ئایدۆلۆژیای حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان چی دەبێت با ببێت، ئێستا پەڕەیەکی نوێ هەڵدراوەتەوە و یان ئەوەتا خوا نەکات بەرەو جەنگێکی مەزن دەڕوات یانیش بەرەو دیالۆگێک دەچێت کە لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، تاوەکو ئێستا کورد لە شەڕدا لەدەستی نەداوە بەڵام بەداخەوە لە گفتوگۆدا لەدەستی داوە. پێویستە جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ نەدۆڕێت. پێویستە کورد چی بکات؟ پێویستە رێکبکەون و بە لیژنەیەکی هاوبەش بچنە شام و پیشانی هەموو جیهانی بدەن. ئەمریکا بۆ ئەوە ئامادەیە، بەریتانیا ئامادەیە، ئەورووپا ئامادەیە، جگە لە تورکیا هەموو جیهان ئامادەیە. پێویستە کورد رۆژ بە رۆژ ئامادەکارییەکانی خۆی بکات و بە یەکدەنگی بچنە شام.
رووداو: رۆژئاوای کوردستان بەشی بچووکی کوردستانی گەورەیە، برای بچووکە، بەڵام خزمەتێکی گەورەی بە سێ پارچەی کوردستان کردووە...
عوسمان بایدەمیر: ئامەنتوبیللا.. ئامەنتوبیللا
رووداو: کاتی ئەوە هاتووە کە برا گەورەکانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هاوکاری ئێمە (رۆژئاوای کوردستان) بکەن. لە پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتاری کورد هەن، دەتوانن چۆن هاوکاری بکەن؟
عوسمان بایدەمیر: پێموایە هەموو کوردی جیهان لە باکووری کوردستان و پەرلەمانی تورکیا و هەموو کورد، رۆژئاوای کوردستان بووەتە قەڵغان بۆ باوباپیرانی ئێمە، لە رژێمی کەمالیزمدا هەموو دەستەبژێرانی کورد چوونە چوونە بنخەت (رۆژئاوا) و ئەوان پاراستنیان، ئەمڕۆ پێویستە هەموو کوردستان ببنە دەنگێک بۆ رۆژئاوای کوردستان، ببنە سوود بۆ رۆژئاوای کوردستان، قەناعەت بە دۆست و هەڤاڵانیان بکەن کە نەبنە بار بەسەر رۆژئاوای کوردستانەوە، پێویستە ئەوەی لەدەستمان بێت بیکەین بۆ ئەوەی باری ئەوان سووک بکەین، بەڕاستی ئێستا دەرفەتێکی گەورە لە دەستی رۆژئاوادا هەیە، هەندێک کەسایەتی رۆژئاوای کوردستان هەن بەڕاستی دەرفەتی مەزنن، بەڕاستی جەنەراڵ مەزڵووم بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان و دیالۆگی نێوخۆیی دەرفەتێکی مەزنە، هیوادارم سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
دووەم؛ ئەوەیە کە لە باکووری کوردستان ئێمە دەتوانین بە دەنگێکی بەرزتری بانگی ئەنقەرە بکەین و بڵێین: رۆژئاوا هەڕەشەیە و لەگەڵیان کۆببنەوە و داخوازییەکانیان قبووڵ بکەن و واز لە دوژمنایەتی رۆژئاوا بهێنن. کوردی باکووری کوردستان زیاتر خۆیان لە ئەنقەرە نزیک ببین و زیاتر گرنگی بە ئەنقەرە بدات بۆ ئەوەی... بە کورتی کوردی باکوور دەتوانن زیاتر دەنگ و خواستی خۆیان لە سیاسەتی ئەنقەرەدا ببیننەوە کە دوژمنایەتی رۆژئاوا دەکات، بۆ ئەوەی واز لەو سیاسەتە بێنێت.
بە بڕوای من لە هەمووی گرنگتر یەکدەنگیی نێوخۆیی رۆژئاوای کوردستان خۆیەتی، هەر کەسایەتییەکی وەکو گاشە بەردێکی قورسە، ئەگەر ئێمە هەموومان بگەینە یەک و ببینە یەک، دەبینە زنارێک، دەبینە چیایەک، ئەگەر یەکێک لە پەنای ئەنقەرە، یەکێک لە پەنای ئەمریکا و یەکێکی دیکە پەنای شام بێت، بەخوا ئەو دەرفەتە لەدەست دەردەچێت، ئێستا میللەتی کوردیش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە چییان دەوێ لە حیزبەکانی خۆیان داوای دەکەن. تەنیا یەک شتیان دەوێ، ببنە یەک و یەکدەنگ بن و بۆ داواکانمان ببنە پێشڕەو. ئەگەر ئەوانیش ببنە یەک، وڵاتانی دەوروبەر ناچارن ببنە دراوسێیەکی باشی رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ