رووداو - دهۆک
بەهۆی پچڕانی کارەباوە، زیاتر لە 7 هەزار مریشک لە پەلەوەرخانەیەکی دهۆک مردارەوەبوون، لەکاتێکدا تەمەنی مریشکەکان 20 رۆژ بوون، بەڵام کاتێک کارەبای نیشتمانی بڕاوە، کرێکارەکان خەوتبوون و موەلیدەیان بەکارنەخستووە.
رێبەر سپینداری، خاوەنی پەلەوەرخانە بە رووداوی گوت، "زیانەکانی نزیکەی شەش دەفتەر دۆلارە، پارێزەرمان گرتووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەکەین لەبارەی کرێکارەکە کە کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا کردووە."
رووداوەکە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بووە و ئەو پەلەوەرخانەیە زیاتر لە سێ کاژێر کارەبای لێ بڕاوە. 15 هەزار مریشک لە هۆڵی پەلەوەرخانەکەدا بوون، پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەڵێت، ئەوانەی ماویشن مەترسییان لەسەرە.
بەیار رەشید، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت، "مەترسیی مردن لەسەر ئەو مریشکانەش هەیە کە ماون، دەتوانین کەشی هۆڵەکە وەکو پێشتر لێبکەینەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم مریشکانە [ئەوانەی ماون] هەر مردار دەبنەوە."
پەلەوەرخانەکە لە گوندی باخورنیڤێ بووە لە سنووری قەزای ناوەندی دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ