رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دا.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی وەزیران "تێچووی دارایی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەگوێرەی ئەم بڕیارە، لەهەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت، کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسندکراوە وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەری گرێبەست."
لە 25-9-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری، کۆبوونەوە و دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەمە 140ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بوو کە وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، تێیدا "رەزامەندی لەسەر بەهەمیشەییکردنی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان درا."
ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕیارە 6 بڕگەییەکەیدا کە ژمارە 264ـە، دەڵێ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە:
1- رەزامەندیی لەسەر بەهەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەمیشەیی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی هەمان ئەو مەرج و پێداویستی، پێوەر و رێکارە یاساییانەی لە حکومەتی فیدراڵی بۆیان جێبەجێ دەکرێت.
2- تێچووی دارایی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت، کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسندکراوە، وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەرانی گرێبەست، کە تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفین، هەروەها سوود لە پلەی چۆڵی وەزیفی بەهۆی جوڵەی میلاکاتەوە وەردەگیرێت.
3- رەچاوکردنی سرووشتی ئەو خزمەتگوزارییەی فەرمانبەرانی گرێبەست پێشەکەشی دەکات، کە بوار بدات بۆ بەهەمیشەیکردنی بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە فەرمانێک خشتەی ئەو بوارانەی خزمەتی گرێبەست دەستنیشان دەکات، کە سرووشتی کارەکە وا دەخوازێت بەگرێبەست بمێنێتەوە.
4- لەکاتی بەهەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، هەمان ئەو بڕوانەمەیان بۆ هەژمار دەکرێت، کە لە رێککەوتی دەستبکاربوونی وەک فەرمانبەری گرێبەست بە فیعلی هەیبووە، نەوەک ئەو بڕوانەمەیەی پێی دامەزراوە.
5- راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ گشتاندنی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و رێکارە یاساییانەی لە حکومەتی فیدراڵ بۆ هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست جێبەجێ دەکرێن، هەروەها سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی وەزارەت، پێویستە لیستی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بەرزبکەنەوە بۆ وەزارەتی دارایی، کە مەرجەکانی ئاماژەپێدراویان تێدایە، بە رەچاوکردنی تەرخانکردنی دارایی پەسندکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، بەمەرجێک نەبێتە هۆی بارگرانی دارایی زێدەکی.
6- لە دوای ساغبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەری گرێبەست بۆ هەمیشەییبوون بەپێی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئامادە دەکات و، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ