رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستکردن بە تیروپشکی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی لە هەولێر و زاخۆ، لە سلێمانی و گەرمیانیش پڕۆسەکە دەستیپێکرد.
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی شارەوانیی سلێمانی کراوە، فەرمانگەکانی دیکە جارێ ماون."
17ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار 474 پارچە زەوی رەزامەندی دابەشکردنیان دراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ