بایکۆت و دەنگى پووچەڵ 16.8%ى دەنگدەرانى تایبەت بووە

19-10-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بایکۆتى دەنگدان و دەنگى پووچەڵ 16.8%ى تێکڕاى ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت بووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان. بە گوتەى بەرپرسی رێکخراوێکى چاودێریى هەڵبژاردن، ناشارەزابوون لە دەنگدان، یان سووتاندنى بە مەبەستى دەنگ، هۆکارى سەرەکیى دەنگە پووچەڵەکان بوون.
 
بەگوێرەى ئامارى فەرمیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە کۆى 215 هەزار و 960 دەنگدەرى تایبەت، 208 هەزار و 521یان دەنگیان داوە، بەو پێیە 7439 دەنگدەرى تایبەت بەشداریى دەنگدانیان نەکردووە، کە دەکاتە 3.4%ى تێکڕاى ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت.
 
18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى خوولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام درا، رێژەى بەشداری نزیکەى 97% بووە، کەمترین بەشدارى لە واست بووە، کە 8% بووە و زۆرترین لە دهۆک بووە، کە 98%ى دەنگدەرانى تایبەت لەو بازنەیە بەشدارییان کردووە.
 
جگە لەو دەنگدەرانەى بەشداریى دەنگدانى تایبەتیان نەکردووە، نزیکەى 29 هەزار دەنگ پووچەڵ بووە.
 
بە تێکڕا دەنگى پووچەڵ و بەشدارنەبوو لە دەنگدانى تایبەت، گەیشتووەتە 16.8%ى تێکڕاى دەنگدەرانى تایبەت، کە کارتى بایۆمەترییان هەبووە و دەیانتوانى بەشداربن لە هەڵبژاردندا.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەى چاودێرییان بۆ دەنگدانى تایبەت، هەندێک لە دەنگە پووچەڵەکان بەهۆى ناشارەزایی بووە لە شێوازى دەنگدان، تەنیا دەنگ بە بەربژێر دراوە، هەندێکى دیکەش بە مەبەست کاخەزى دەنگدانى پووچەڵ کردووەتەوە."
 
لەکاتی دەنگدان بە بەربژێر بەبێ لیست، یان دەنگدان بە زیاتر لە بەربژێر و لیستێک، دیارینەکردنى بازنە لە دەنگدانى تایبەت، نیشانە نەکردنى هیچ بژاردەیەکى سەر کاخەزى دەنگدان، دەنگەکە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت.
 
دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم دەکرێت، بە گوتەى هۆگر چەتۆ، ژمارەى بایکۆتى دەنگدانى تایبەت و دەنگى پووچەڵ نابێت بە پێوەر بۆ دەنگدانى گشتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە