رووداو- هەولێر
گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەغدا.
بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی بودجە و کێشەکان و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دیارینەکراوە".
هاوکات گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی گوتی " پێشوازی لەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەرگای بەغداش کراوەیە لەبەردەم هەر سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان". ئاماژەی بەوەش کرد كە حکومەتی عێراق دەخوازێت کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەربکات، بەغدا و هەولێر-ش پێویستیان بە هەمانگی زیاتر هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هەمانگی و هاوکارکردن لەسەرجەم بوارەکان لەوانەش شەڕی دژی داعش .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ