تەرمی شکور خەیات لە گۆڕستانی رەحیماوای کەرکووک بەخاک سپێردرا

20-08-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
کوڕێکی شکور خەیات لەسەر گۆڕی باوکی دەگری
کوڕێکی شکور خەیات لەسەر گۆڕی باوکی دەگری
A+ A-

رووداو - کەرکووک

هێشتا گۆرانی و مەقامەکانی شکور خەیات هەوادارێکی زۆریان هەیە. ئەو هونەرمەندە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە گۆرانی دەڵێت و  بە میراتگرەوەی قەتار و ئەڵڵاوەیسی، ئای ئای، نەهاوەند عەجەم دادەنرا. دوای 11 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، شەوی شەممە کۆچی دواییکرد و مەقام و گۆرانییەکانی وەکو یادگاری لەدوای خۆی بەجێهێشت.
 
عیماد نەعمەت، خاوەنی تۆمارگەی نەعمەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڕاستی مامۆستایەکی رەسەنی زۆر گەورە بوو، زۆر شارەزایی لە بواری مەقام و گۆرانی هەبوو، بەتایبەتی مەقامی ناوچەکانی گەرمیان، ئێستاش سیدی و گۆرانییەکانی داواکاریی زۆری لەسەرە و خەڵک بەدوایدا دەگەڕێت. مامۆستا شکور خەیات دەنگدانەوەیەکی زۆرباشی هەیە و هەمووان گوێی بۆ دەگرن و گەنجان داوای گۆرانییەکانی دەکەن."
 
دوای شەش ساڵ لە ئاوارەیی، تەرمی شکور خەیان بردرایەوە کەرکووک و لە گۆڕستانی رەحیماوا لە نزیک گۆڕی هونەرمەند سابیر کوردستانی بەخاک سپێردرا. 
 
فارووق شکور، کوڕی هونەرمەند شکور خەیات دەڵێت، "چوار ساڵ پێش ئێستا کە تەندروستیشی زۆرباش بوو، بە ئێمەی گوت ئەگەر مردم تەرمەکەم ببنەوە کەرکووک و لەسەر وەسیەتی ئەو لێرە بەخاکمان سپارد، هەمیشە پێی دەگوتین خۆشەویستیتان هەبێت بۆ نیشتمان و کوردستان، باوکم کوردێکی پاک بوو، جگە لەوەی باوکی من بوو، موڵکی هەموو کوردستان بوو."
 
شکور خەیاتی تەمەن 83 ساڵ، خاوەن دەیان گۆرانی و مەقام و بەستەی کوردی بوو، بەلای هونەرمەندانەوە کۆچی ئەو هونەرمەندە، بۆشاییەکی گەورە لە بواری هونەر و مەقامدا دروست دەکات.
 
چالاک سديق، موزیکژەن دەڵێت، "زیانێکی گەورە بوو بەر هونەری کورد کەوت بەتایبەتی هونەری مەقام و ئاوازی رەسەنی کوردی لە ئای ئای، قەتار و ئەڵڵا وەیسی. شکور خەیات خاوەن رێچکەیەکی رەسەنی کوردی و قوڕگێکی تایبەت بەخۆی هەبوو."
 
حەمە رەئووف کەرکووکی، هونەرمەند باس لەوە دەکات، "شکور خەیات بەدەر لە مەقامەکانی گەرمیان، هەندێک جار تۆنی دەنگی تاوەکو بەرزتر بووایە، خۆشتر دەبوو، هاوشێوەی گۆرانییەکانی سەید ئەسغەری کوردستانی کە ئەوانە گۆرانیی زۆر قورس بوون، بەڵام کاک شکور دەیتوانی بەشێوازێکی زۆر جوان ئەو گۆرانییانە بڵێتەوە بەتایبەتی یار عەزال کە ئێستا و ئەوکاتیش گوێمان لێبووە."
 
عەلی زەنگەنە، هونەرمەند باس لەوە دەکات، "ئێستا هونەرمەندی گەنجی زۆر هەیە کە مەقام دەڵێنەوە، بەڵام شکور خەیات تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەبوو و میراتگری عەلی مەردان و حوسێن عەلی و سەلاح داودە بوو، ئەو دار سنۆبەرانە دووبارەبوونەوەیان ئەستەمە."
 
شوکر خەیات لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داودە لە گەرمیان لەدایکبووە و بەهۆی پیشەکەیەوە، بە شوكر خەیات دەناسرا، ئەوە لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و باوکی پێنج کچ و سێ کوڕ بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە