رووداو - دهۆک
رووپێویی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە دهۆک تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئامار بڵاوبوونەتەوە بەنێو گەڕەکەکاندا و داتا و زانیاری کۆدەکەنەوە. هەر خێزانێک کە تیمەکان سەردانی دەکەن، زانیاریی تەواویان لێوەردەگرن. ئەو فۆڕمەی خەڵک پڕیدەکەنەوە، زانیاری لەبارەی 24 لایەنی ژیانیان لەخۆدەگرێت.
رێوار نافع سەرۆکی تیمێکی گەڕۆکی بەڕێوەبەرایەتیی ئامارە لە دهۆک و دەڵێت، فۆرمەکە چەند لایەنێکی ژیان لەخۆدەگرێت، لەوانەش تەندروستی، پەروەردە و کار. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر ئاستی دهۆک چوار تیم پێکدەهێنن و هەر تیمێک لە لیدەرێک و دوو لێکۆڵەر پێکدێت.
پرۆسەی رووپێویی ئابووری لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی پێی هەڵدەستن. ئامانج لە رووپێوییەکە دەستنیشانکردنی رێژەی هەژاری و بێکارییە و لە 14 مانگدا پرۆسەکە کۆتایی دێت.
شوان عەباس، بەڕێوەبەری رووپێوی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە کە ئەنجامەکان دەرچوون و رێژەی هەژاری دیاریکرا، دەرگا کراوە دەبێت بۆ دانانی پلان و ستراتیژی لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە بۆ کەمکردنەوەی رێژەکە."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2022دا رێژەی هەژاری لە وڵاتەکە 25% بووە و بێکارییش 16%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ