رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ هەفتەدا نزیکەی 600 خێزان ناوی خۆیان نووسیوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە شنگال. شێخ سلێمان، یەکێکە لەو کەسانە و دەڵێت، دەیەوێت دوای نزیکەی نۆ ساڵ بگەڕێتەوە شنگال.
شێخ سلێمان حەسەن، کەسایەتیی شنگال بە رووداوی گوت، "ئێمە نۆ ساڵە لێرەین [لە دهۆک] هیچ ئاستەنگییەکمان بۆ دروستنەبووە، بەیانی دەچینەوە شنگال. لێرە هیچ کێشەیەکمان نەبووە و درێخییان نەکردووە لەگەڵمان."
بەشێک لەو خێزانانەی کە مامەڵەی گەڕانەوەیان کردبوو، پەشیمان بوونەتەوە. خودێدا موراد، ئاوارەی کەمپی چەمشکۆ دەڵێت، "ناومان نووسیبوو کە بڕۆینەوە شنگال، بەڵام دۆخی ئەوێ باش نییە و وێرانە، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە."
لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە شنگال.
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک باسی لەوە کرد، "پرۆسەکە بەردەوامە، پێشتر رۆژانە 4 مامەڵە تاوەکو 10 مامەڵە بەڕێدەکران، هەندێکجاریش گەڕانەوەی پێچەوانە هەبووە و لەوێوە دەگەڕانەوە، هاوینان و دوای نەمانی قوتابخانە زۆر خێزان دەگەڕانەوە و کاری جووتیارییان دەکرد. زۆر کەسیش بڕیاری کۆتاییان داوە کە بگەڕێنەوە شنگال."
لە پارێزگای دهۆک 65 هەزار و 282 هەزار خێزانی ئاوەی شنگال لە کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان 330 هەزار و 859 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ