دەستەی گەشتوگوزار: ئامادەکاری تەواومان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژنی رەمەزان کردووە

19-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان تەواو کردووە و چاوەڕوانن "گەشتیارێکی زۆر" روو لە هەرێمی کوردستان بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ پێشوازیی لە گەشتیارانی جەژنی رەمەزان کردووە؛ لە بازگەکانەوە لیژنەکان پێشوازیی لە گەشتیاران دەکەن و رێنوێنییان پێشکێش دەکەن؛ بۆ ئەوەش هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان کراوە." 
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، هاوشێوەی بۆنەکانی دیکە ئەوان ئامادەکارییان کردووە، لیژنەی تایبەتیان جگە لە بازگەکان و لەنێو شارەکانیشدا دەبێت. گوتیشی: "هێڵی گەرم کارا دەکەین بۆ ئەوەی هەر گەشتیارێک گرفتێکی بۆ دروستبوو پەیوەندی بکات و بۆی چارەسەر بکرێت." 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، لەگەڵ کەرتی تایبەت و کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.   
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ لە هەولێر، سلێمانی و بەغدا چەند دیدارێکیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە و گفتوگۆی ئاستەنگ و کەموکورتییەکانیان کردووە. دەشڵێت: "بۆ ئەم جەژنە هەموو ئەو کەموکورتییانە چارەسەر کراون کە لەگەڵ زیاتر لە 200 کۆمپانیای عێراقی و ئێرانی گفتوگۆیان لەسەر کرابوو، بۆیە پێشبینی دەکەین کە گەشتیارێکی زۆر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن." 
 
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 3100 شوێن هەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکێش دەکەن؛ بنکەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی عێراقەوە هاتبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە