بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی: داهاتی سنووری پارێزگاکە 69% کەمیکردووە

19-03-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 69% کەمیکردووە. بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، رسووماتی باج و گومرگ لە هەرێمی کوردستان زیاترە بەراورد بە عێراق، ئەوەش وایکردووە بازرگانان رێڕەوی بازرگانییان بگۆڕن؛ ئێستا عێراق سەکۆی ئەلیکترۆنیی گومرگی داناوە و بە جێبەجێکردنی دەبێت 50%ی داهاتی گومرگەکان بگەڕێتەوە بەغدا.
 
دیلمان جەمال، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی میوانی پۆدکاستی "بەکاتی سلێمانی" بوو، کە ئاسۆ سەراوی هەفتانە لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات. ئەو بەرپرسەی بانکەکە رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی سلێمانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەشێوەیەک کە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردوو، نزیکەی 47 ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، مانگی ئاداری ئەم ساڵ بەراورد بە مانگی رابردوو [شووبات]، داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، بە رێژەی 69% کەمیکردووە و ئەو 31%ـەیش کە ماوەتەوە، 15%ی چەکە و 16%ی لێبڕینە (مقاصە)، واتە ئەوەی ماوەتەوە ئەم مانگە بە نزیکەی 15 ملیار دینار داهات بە نەختینەیی دەبێت.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی شەش گەنجینە هەن، رۆژانە ئەو داهاتانەی دێنە گەنجینەکان، تۆمار دەکرێن و لە رێگەی ماڵپەڕی شەفافییەتەوە بڵاو دەکرێنەوە.
 
لەبارەی داهاتی سنوورەکە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی گوتی، داهاتی بەدەستهاتوو تاوەکو ئێستا 204 ملیار دینار بووە، لەو پارەیەش بەشێکی بە شێوەی چەکی بانکی و بەشێکیشی لێبڕین (مقاصە) بووە.
 
 
داهاتی سلێمانی بەگوێرەی مانگەکان:
 
- کانوونی دووەمی 2024: داهات 82 ملیار دینار، 56 ملیار دیناری پارەی نەختینە، 12 ملیار بە شێوەی چەک و 13 ملیار دینار لێبڕین (مقاصە).
- شووباتی 2024: داهات 93 ملیار دینار، 73 ملیار دیناری پارەی نەختینە، 12 ملیار بەشێوەی چەک و 8 ملیار دینار لێبڕین (مقاصە)
- ئاداری 2024 (تائێستا): داهات 29 ملیار دینار بووە، کە 15%ی چەکە و 16%ی لێبڕینە (مقاصە).
 
دیلمان جەمال دەڵیت، رەنگە تاوەکو کۆتایی مانگ بگاتە نزیکەی 50 ملیار دینار. لەبارەی جۆری سەرچاوەی داهاتەکان ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری داهات لە گومرگەکانە و رۆژانە جووڵەی بازرگانی کەم و زیاد دەکات، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر داهات دەبێت. ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی هەرێم باسی لەوەش کرد، "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهۆی مانگرتنی شۆفێرەکان لە پەروێزخان، نزیکەی 20 ملیار دینار زیانمان لێکەوتووە."
 
حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتی گومرگی، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی دروستکردووە، لە دەروازەکاندا جێگیری کردووە و چاودێریی هەموو ئەو کاڵا و شمەکانە دەکات کە هاوردە دەکرێن.
 
دیلمان جەمال دەڵیت، ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییە ئێستا عێراق کاری لەسەر دەکات و لە مانگی 12ی 2023وە جێبەجێی کردووە، بە شێوەیەک کە بەشێکی زۆری داهاتە فیدراڵییەکان دەچێتەوە بۆ عێراق؛ ئەگەر سەکۆکە کارا بکرێت، 50%ی داهاتی گومرگەکان دەبنە فیدراڵی و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، بەڵام هێشتا دەروازەکانی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران بۆ ئەو سەکۆیە جێبەجێ نەکراوە.
 
جیاوازیی نێوان پێناسی گومرگی لەنێوان هەولێر و بەغدا یەکێکە لەو گرفتانەی زۆرجار بازرگانان گلەییان لێکردووە و دەڵێن، رێژەی باج و گومرگ لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان زیاترە بەراورد بە عێراق.
 
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی هەرێم دەڵێت، "جیاوازیی رێژە و بڕی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پێویستی بە پێداچوونەوەیە، چونکە گومرگ و باج و نرخی کارەبا لێرە زۆرە، ئەمەش گرفتی دروستکردووە، تەنانەت لەکاتی رادەستکردنی داهاتی گومرگەکان بە بەغدا، ئەو بەرزیی نرخی گومرگ و باجە دەبێتە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان."
 
دەشڵێت، ئێستا چەندین کۆمپانیا بەهۆی زۆریی رێژەی باجەوە مایەپووچ بوون و بەهۆی زۆریی گومرگەوە بازرگانان دەچنە دەروازەکانی سنووری حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
 
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی "هەژماری من" لە سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو، پرۆژەکە دەستیپێکردووە و نووسراو بۆ بەشێک لە فەرمانگەکان نێردراوە، بەڵام ژێرخان و زەمینەسازیی پێویستی بۆ نەکراوە، لە کاتێکدا دەبوو حکومەت پێشوەختە ئامێری ATM لە بازاڕ و شوێنەکان دابنێت و ژینگەیەک دروست بکات خەڵک بەکاریبهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.