رووداو - هەولێر
بەشێکی دیکەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر دەکرێتەوە. بە کردنەوەی ئەو شەقامە چاوەڕێدەکرێت قەرەباڵخیی نێو شار بەتایبەت نێوان هەردوو رێگای هەولێر و کۆیە و هەولێر و پیرمام کەمببێتەوە.
رۆژی دووشەممە 19-2-2018، لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر قۆناخی دووەمی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی تەواودەبێت، کە ئەویش شەقامی 120 مەترییە.
لە قۆناخی دووەمدا ئەمڕۆ شەقامی 120 مەتری لە شەقامی سەرەکی هەولێر - پیرمام بۆ شەقامی سەرەکی هەولێر - کۆیە دەکرێتەوە. درێژیی رێگاکە نزیکەی 5 کیلۆمەتر دەبێت. هاوکات شەقامەکە چوار سایدە، دوو سایدیان رێگای خێرا و سەرەکین، لەگەڵ دوو رێگای خزمەتگوزاریی.
سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەڵێت، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ جێبەجێدەکرێت و بە قەرز ئەو پڕۆژەیە جێبەجێدەکات. نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاریشی تێدا خەرجکراوە.
بە کردنەوەی ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت قەرەباڵخی نێو شار کەمببێتەوە، بەتایبەت ئەو قەرەباڵخییەی لەنێوان رێگای هەولێر - کۆیە و هەولێر - پیرمام و نێوان ئەو دوو رێگایەدا هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی رابردووەوە بەشێکی دیکەی شەقامەکە لە رێگای شۆڕشەوە بۆ رێگای کەرکووک بە ئاراستەی شارۆچکەی عەینکاوەدا کراوەتەوە.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ