رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، سێ گەورەترین مۆزەخانە بە شێوازی مۆدێرن دروست دەکرێن. لە هەولێر و دهۆک زەوییان بۆ دابینکراوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانیش دەڵێت، "زەویی بۆ پڕۆژەکە دیارکرا، بەڵام شوێنەکەمان بەدڵ نەبوو، بۆیە داوای گۆڕینمان کردووە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، نادر بابەکر محەممەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکارەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی مۆزەخانە بە شێوازێکی مۆدێرن، لە پارێزگای هەولێر زەوی بۆ دیاریکراوە و دیزاینەکەی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵی تەواو بووە، چاوەڕێ دەکەین دیزاینەکە وەربگرینەوە."
مۆزەخانەکە لە نێوان منارە و شەقامی 60 مەتری دروست دەکرێت. بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەڵێت، "لە 2014ـەوە ئەو شوێنەمان بۆ دیاریکردووە، رووبەرەکەی 11 هەزار مەترە."
ئەو مۆزەخانەیە دەبێتە گەورەترین مۆزەخانەی هەولێر، نادر بابەکر محەممەد گوتی، "لە سێ نهۆم پێکدێت، هۆڵی کۆنفڕانس، کافێ و رێستۆرانت."
حوسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە رووداوی گوت، "خەرکی دابینکردنی زەویی مۆزەخانەکەین، لەلایەن شارەوانییەوە هەندێک شوێن دیاریکرابوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی دووربوون لە سەنتەری شار، بە دڵمان نەبوو و داوای گۆڕینمان کردووە، مەبەستمانە لە مۆزەخانەی شەقامی سالم نزیک بێت." لەبارەی دیزاینی مۆزەخانەکە، حوسێن حەمەغەریب گوتی، "ئامادەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، "لە پارێزگاکە زیاتر لە 50 هەزار پارچە شوێنەوار هەن. پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم و لە عێراق بە پلەی دووەم دێت."
هاوکات بێکەس جەلالەدین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زەویمان لە ناو پارێزگای دهۆک هەیە، نووسراومان بۆ شارەوانی کردووە، تاوەکو رەزامەندی لەسەر بدەن، دواتر دەست بە دیزاین و نەخشە دەکەین."
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک دەڵێت، "لەسەر رووبەری 82 دۆنم گەورەتین مۆزەخانە بە شێوازێکی مۆدێرن لە پارێزگەکە دروستدەکرێت و دەبێتە دووەم مۆزەخانە."
بە گوتەی بێکەس جەلالەدین، "زیاتر لە 10 هەزار پارچە شوێنەواریان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆزەخانە دەتوانن تەنیا 1000 پارچە نمایش بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ