گالەری


رووداو دیجیتاڵ

لە هۆڵی گەلەریی میدیای هەولێر، پێشانگەیەکی تایبەت بۆ شێوەکار گەیلان عەبدوڵڵا بە ناونیشانی "خەونەکانی گۆنا" کرایەوە. هۆڵەکە پڕ بوو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان.
 
هونەرمەند گەیلان عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 8 ساڵە خەریکی ئەم پڕۆژەیەم و توانیم 16 تابلۆ بە قەبارەی جیاواز بکێشم. بیرۆکەکەشی بۆ کچە 14 ساڵانەکەم بە ناوی گۆنا دەگەڕێتەوە. کاتێک من چەند ساڵێک لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی خوێندن مامەوە، گۆنا بیرۆکە و ئیلهامێکی لەسەر خەونی گۆنا بۆ دروست بوو، ئەوە بوو منیش 16 تابلۆی مانادارم نەخشاند". 
 
ئەو هونەرمەندە باسی لەوە کرد، "ئامانج و مەبەستی ئەو پڕۆژە هونەرییە گۆڕینی خەونە بۆ وێنە، گواستنەوە و گێڕانەوەی زمانەوانییە بۆ بەرجەستەبوونی وێنەی خەون. واتە، لەڕێگەی رەگەزەکانی هونەرەوە، لێکدانەوە و وێنە کێشییەکانی خەونەکان فەرامۆش نەکراون". 
 
ئەو زیاتر باسی لە پڕۆژەکەی کرد و گوتی، ئەم تابلۆیانە لە یەککاتدا پێشاندەری خەون و لێکدانەوەی خەونیشن. هەر رەنگێک و هەر فۆرمێک دەتوانێت لە هەمان کاتدا چەندین گوزارشتی جیاواز و ناکۆک بخاتەڕوو. مەبەستیش لەمە پێشاندانی دیوە ئاڵۆزەکانی خەون و نەستی مرۆڤە، کە دەتوانێت زیاتر لە پەیامێک، وێنەیەک و دیوێکی شاراوەی ناخی مرۆڤ یان منداڵێک پێشان بدات. 
 
گەیلان عەبدوڵڵا ئیسماعیل، لە ساڵی 1983 لە هەولێر لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە بەشی وێنەکێشان لە ساڵی 2006، هەروەها دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە بەشی وێنەکێشان لە ساڵی 2010. 
 
گەیلان، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە هونەری هاوچەرخ و میدیای نوێ لە زانکۆی ڤانسێن سانت-دێنیز لە پاریس. ئێستا قوتابیی دکتۆرایە لە زانکۆی سەڵاحەدین-کۆلێژی هونەرە جوانەکان. گەیلان براوەی خەڵاتی باشترین لاوی ساڵە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008. بەشداریی چەندین نمایشی هاوبەشی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کردووە.