رووداو دیجیتاڵ
شانۆکار و ئەکتەر جومعە خەلیل ئیبراهیم کە بە باوکی تەیار ناسراوە، لە بەنداوی تشرین بریندار بوو.
ئێوارەی شەممە (18-1-2025) فڕۆکەکانی تورکیا ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردوومان کرد کە بۆ خۆپیشاندان چووبوونە بەنداوی تشرین. بەپێی راگەیێندراوێکی هەسەدە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە برینداران شانۆکار و ئەکتەر (باوکی تەیار)ـە. زانراوە کە باوکی تەیار و برینداراکانی دیکە بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
هەسەدە دوێنێ شەو رایگەیاند، "بۆ سێیەمین رۆژی لە سەریەک، فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوامن لە بەئامانجکردنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین، لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لەکاتێکدا ئەمبیوڵانسەکان خەریکی گواستنەوەی بریندارەکان بوون، یەکێک لە ئەمبیوڵانسەکانی مانگی سووری کوردی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا کرایە ئامانج، کە بووە هۆی تێکشکانی ئەمبیوڵانسەکە و شەهیدبوونی ئەوانەی لەنێویدا بوون."
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بە چڕی و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، چەندین ناوچە لە گوندەکانی باشووری کۆبانێ بۆردوومان دەکات. چەند هێرشێکیشی کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
بەنداوەکە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەندرێت و لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ