رووداو - سلێمانی
فڕۆکەخانەی عەربەت بە فەرمی ناسێندرا و بڕوانامەی حەوتەمین فڕۆکەخانەی عێراق و سێهەمین فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
بڕوانامەکە بەناوی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتەوە وەرگیراوە، بەڵام رێگەپێدانی هەیە بۆ نیشتنەوەی هەموو فڕۆکەیەکی بچووک تاوەکو کێشی پێنج هەزار و 800 کیلۆگرام، واتە فڕۆکە تایبەتییەکان 10 تاوەکو 12 سەرنشینین.
بڕوانامەکە دەبێتە دەرفەت بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی پێگەیاندنی فڕۆکەوان کە بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە ئەمە بە دەستکەوتێکی گرنگ دەزانن.
نەورۆز دگل، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی عەربەت دەڵێت: "فڕۆکەخانەی ئێمە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نییە، دەتوانین هەر فڕۆکەیەک بەڕەزامەندی خۆمان و ئەو فڕۆکەخانەیەی کە بۆمان دەنێرێت لەناو عێراقدا دەتوانین پێشوازی لێبکەین، بەڵام ئەگەر لەدەرەوەی عێراق بێت، دەبێت لە
یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق دابەزێت دواتر بێتە ئێرە، ئێستا ئێمە لەسەروبەندی ئەوەداین کە ئەکادیمیایەکی عێراقی لە هەرێمی کوردستان دروستبکەین، کە خزمەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش بکات".
شوێنی هەڵکەوتەی جوگرافی فڕۆکەخانەکە بە یەکێک لە باشترین ناوچەکانی مەشقی فڕۆکەوانی ناسێندراوە بەوپێیەی بەدووریەکی زۆر ناوچەی نیشتەجێبوون لێوەی دوورە.
بۆیە پسپۆرانی فڕۆکەوانی گرنگی بڕوانامەکە بۆ داهاتوو دەبینن ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ئەکادیمیایەک بۆ مەشق و راهێنانی فڕۆکەوانی.
د.موهەنەد سەلمان، بەڕێوەبەری گشتی ئەکادیمیای فڕۆکەوانی بە رووداوی راگەیاند: "بڕوانامەی فڕۆکەخانەکە بۆ خزمەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق خزمەت بە هەموو عێراق دەکات، چونکە رێگە بە هەموو فڕۆکەیەکی مەشق دەدات کە لە پێنج هەزار و 800 کیلۆگرام کەمتربێت بنیشێتەوە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ پێگەیاندنی تیمی پسپۆر و شارەزا لە بوارەکەدا".
بڕوانامەی ناساندی فڕۆکەخانەکە دەرفەتێکی بۆ هەرێمی کوردستان رەخساندووە کە لەپاڵ دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، فڕۆکەخانەیەکی خزمەتگوزاری ناوخۆیی و کشتوکاڵیشی هەبێت، بەڵام ئەوەی بۆ بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە گرنگترە ئەکادیمیاکە، کە کورد دەکاتە خاوەنی تیمی فڕۆکەوانی خۆماڵی.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ