رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد. پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆسەکە لە پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنیش دەڵێت، هەندێک بابەتی تەکنیکی هەبوون بەڵام کێشەی بۆ دەنگدان دروستنەکردووە.
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە بەیانییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی هەموو وێستەگانی پارێزگای هەولێرمان کردووە، زیاتر لە 4 کاژێر بەسەر پڕۆسەکەدا تێپەریوە، تائێستا زۆر بە باشی بە ڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەک دروستنەبووە".
پارێزگاری هەولێر گوتی، "لە هەڵبژاردنی تایبەت دا 89 هەزار و 791 دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە، هیوادارم هەموو ئەو کەسانەی مافی دەنگدایان هەیە بەشداری بکەن".
ئۆمێد خۆشناو لە بارەی هەڵبژاردنە گشتییەکانەوە دەڵێت، "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هەڵبژاردنی گشتی، هیوادارم هەڵبژاردنی گشتیش وەک هەڵبژاردنی تایبەت لە پارێزگای هەولێر بە باشی بەڕێوەبچێت".
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "هەندێک کێشەی تەکنیکی بچووکمان بۆ دروستبوو، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەنگدان نەبوو و زوو چارەسەرکران".
کۆی گشتیی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 کەسن کە دەکاتە رێژەی 7.4٪ـی کۆی دەنگدەران. لە پارێزگای هەولێر (89 هەزار و 791 دەنگدەر) لە 62 بنکە دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ