کۆمیسیۆن: کاژێر 6:00 ئامێرەکانی دەنگدان خۆکارانە رادەوەستن

18-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کاژێر 7:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق دەستیپێکرد. کۆمیسیۆن دەڵێت: "کاژێر 6:00 ئامێرەکانی دەنگدان خۆکارانە رادەوەستن و ماوەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە".
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "کاژێر 6:00ی ئێوارە دەنگدان رادەگیرێت و  ماوەکەى درێژنابێتەوە، چونکە ئامێرەکانى دەنگدان دەوەستن، لە هەر دۆخێکیشدا بێت ماوەکە درێژناکرێتەوە".
 
بەگوێرەى بەشی سێیەمى رێکارەکانى دەنگدان و هەژمار و جیاکردنەوەى ئەلیکترۆنى و دەستى پەرلەمانى کوردستان، کاژێر 6:00ی ئێوارە ئامێرەکانى وردبينیى، جیاکردنەوە و ژماردن دادەخرێن.
 
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو، بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بە رووداوی گوت: "چاودێرەکان سێ راپۆرتیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەبێت، یەکەم: کاژێر 8:00ی بەیانی، دووەم: دوای نیوەڕۆ و سێیەم: دوای هەڵبژاردن".
 
سەربەست ئامێدی لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی دەنگدان گوتی: "کاژێر 6:00 ئامێری دەنگدان بەشێوەیەکی تۆماتیکی رادەوەستن و ماوەی دەنگدان تەواو دەبێت".
 
لەبارەی سەرپێچییەکانەوە سەرۆکی تۆڕی چاو، بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، "لە نزیک بنکەکان کارتی کاندید دابەش دەکرێن و لە نزیکتر لە 100 مەتر، پۆستەری کاندید ماون، هەروەها لەنێو وێستگەدا چاوپێکەوتنی میدیایی هەیە، ئەوە قەرەباڵخی دروست دەکات، لە هەڵەبجە لە چەند بنکەیەک رێگەدراوە مۆبایل ببرێتە ژوورەوە کە ئەمانە هەموویان سەرپێچین".
 
سەربەست ئامێدی گوتیشی: "هیچ هەڵبژاردنێک 100٪ بە رێکوپێکی بەڕێوەناچێت، بۆیە بە بڕوای من تائێستا زۆر باشە و هیوادارم هەڵبژاردنی گشتیش بەمجۆرە بێت".
 
یەکەمجارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەشێوازى ئەلیکترۆنى بکرێت، ئەنجامى دەنگدان بە ئەلیکترۆنى راستەوخۆ دەنێردرێت بۆ بنکەى سەرەکی زانیارییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان لە بەغدا.
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنى دەنگدان، مەرەکەب و پێنووسی تایبەتى کۆمیسیۆن و ئەو کاخەزانەى دەنگدان کە بەکارنەهاتوون یان تێکچوون کۆدەکرێنەوە. ئەم رێکارانە بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە