رووداو دیجیتاڵ
نرخی شووتی و کاڵەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە. بەرپرسانی عەلوەکان دەڵێن، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی بەرهەم و بەردەوامیی قەدەخەی هاوردەکردنیەتی.
ئەمڕۆ کیلۆیەک شووتی و کاڵەکی کواڵیتی باش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەزار دینارە، لەکاتێکدا هەفتەیەک پێشتر لەنێوان 500 بۆ 750 دینار بوو.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی تەماتە، شووتی و کاڵەک بەردەوامە و بەو هۆیەوە نرخی شووتی و کاڵەک بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی سەروەر عەلی، تەماتەی نێوخۆ زۆرە و لە عەلوە نرخی 400 دینارە و پێویستە قەدەخەی هاوردەکردنی بەردەوام بێت؛ گوتیشی، "بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە، قەدەخەی هاوردەکردنی شووتی و کاڵەک لە دەرەوە لاببات، چونکە بەرهەمی نێوخۆ تەواو کەمبووەتەوە."
نرخەکە لە هەولێریش بە هەمان شێوە بەرزبووەتەوە. رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ بەرەو کۆتایی چوونی وەرزی پێگەیشتنی شووتی و کاڵەکە."
رەجەب حاجی عەزیز گوتیشی، شووتی و کاڵەک و هەر بەرهەمێکی دیکەی نێوخۆی ئەگەر کیلۆیەکی زیاتر لە 500 دینار بەرزبێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ دەستکراوە دەبێت بۆ لابردنی قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی.
لە وەرزی هاویندا لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرهەمەکە و بە بازاڕکردنی، قەدەخە یان باجی زۆر دەخاتە سەر هاوردەکردنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ