رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کودستان و بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناوی دەبات.
رۆژی دووشەمممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
گەیشتن بەو رێککەوتنە، وەکو کۆنسوڵخانەی بەریتانیا باسی دەکات، "هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
پێشتر ئەمریکاش پێشوازی لەو رێککەوتنە کرد؛ رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر بودجە و جێبەجێکردنی، وەک بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە لە چەند مانگی داهاتوودا. چاومان لە گفتوگۆی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوامتر لە بەرژەوەندی عێراقییەکان."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بڕیاری ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەدوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت کۆبووەوە. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ