گالەری

18-09-2023
13 Photos
هەژار جەوهەر

رووداو دیجیتاڵ

پێش دەستپێکردنی وادەی کۆچ کردنی کۆچەرییەکانی قەزای سیدەکان، لیژنەیەکی ئەمنیی کە لە بەرپرسانی ئیداریی قەزاکە پێکهاتوون، دانیشتووان و کۆچەرییەکانی ناوچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا ناوچە سنوورییەکان چۆڵ بکەن، چونکە سبەینێ دوا وادەی مۆڵەتی ئێرانە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق سەبارەت بە دوورخستنەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچانە.
 
تیمی رووداو لە "گەلی لێتان" ـی سەر بە قەزای سیدەکان قسەیان لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییان و کۆچەرییەکان کرد. هەرچەندە هێشتا وەرزی کۆچیان دەستی پێنەکردووە، کۆچەرییەکانی ناوچەکە لە شەوی رابردووەوە بەناچاری مەڕ و ماڵاتەکانیان لە کوێستانەکانەوە بەرەو گوندەکان دەبەنەوە.
 
قەزای سیدەکان سەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، رێگەیەکی سەرەکییە و شارەکانی شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کێلەشین لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەڕووی جوگرافییەوە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەشتایی کەمە، بووەتە شوێنێک بۆ کۆچەرییەکانی ناوچەکە تاوەکو ئاژەڵداری و کشتوکاڵی تێدابکەن.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو چووەتە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان دەڵێت، هەندێک لەو هاونیشتمانییانە فریا نەکەوتوون سەرجەم کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، تەنیا ئاژەڵەکانیان رزگار کردوون. 
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەستی رووداو کەوتوون، نزیکەی هەزار و 280 خێزان لەو ناوچە سنوورییانە خەریکی ئاژەڵ بەخێوکردن و کشتوکاڵ کردن بوون، ئێستا بەهۆی مەترسیی تۆپبارانەوە ئەو ناوچانە بەجێدەهێڵن. شوانکارێک بە رووداوی گوت، "پێنج کاژێرە ئێمە بەڕێگەوەین بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانمان رزگار بکەین."
 
وەکو هاونیشتمانییانی ناوچەکانی قەزای سیدەکان باسی دەکەن، لەو ناوچانەی ئەوان هیچ بارەگایەکی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە و ئەوان نازانن بۆچی ئاگادارکراونەتەوە کە ناوچەکەیان جێبهێڵن. پەیامنێری رووداو دەڵێت: "بەشێک لە هاونیشتمانییان لە ئێمەیان دەپرسی بۆچی ئەو ناوچانەیان پێ چۆڵ دەکەن و مەترسییەکە چییە؟"
 
بەپێی رێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازی نێوان حکومەتی عێراق و ئێران، تاوەکو رۆژی سێشەممە 19-9-2023 پێویستە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک دابماڵرێن و لە کەمپەکانیان دووربخرێنەوە، ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەکرێت، ئێران لەدوای ئەو وادەیەوە هێرشی ئاسمانی و زەوینی دەکاتە سەر ئەو ناوچانە.