رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا ئامێر، پێداویستییەکان، رێگەپێدان و سێرڤەرى پێویست بۆ گواستنەوەى زانیارییەکانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکات.
18ـى ئابی 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دا. بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، بڕیار دراوە ئامێر، پێداویستى، رێگەپێدان و سێرڤەرى پێویست بۆ ناوەندى زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان دابین بکات بۆ گواستنەوەى زانیارییەکانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ ناوەندى سەرەکى و بە پێچەوانەوە.
رۆژی 20ـى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دیاریکراوە بۆ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان، یەکەمجارە دواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت.
یەکێک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسندکردنى ستراتیژیی نیشتمانیى قەرزى بانکی بووە کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە ئامادە کراوە.
هەروەها بڕیاردرا گومرگى ئەو کۆنتێنەرانەی بار دەگوازنەوە، بکرێتە چوار ملیۆن دینارى جێگیر ئەگەر بەرزییەکەى لە 40 پێ زیاتر بێت.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، بڕیاردرا زەویى سەربازگەى رەشید لە رۆژهەڵاتى بەغدا بکرێتە دارستان و شوێنى گەشتیارى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ