لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر: زیاتر لە 100 خاوەن موەلیدەمان سزاداون

18-08-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە مانگی رابردووەوە زیاتر لە 100 خاوەن موەلیدە بەهۆی سەرپێچیکردنەوە سزا دراون. دەشڵێت: "هەر موەلیدەیەک دووکەڵ بکات، خاوەنەکەی سزا دەدرێت."
 
قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "رۆژانە بەتێکڕا لەنێوان 12 بۆ 13 کاژێر موەلیدەکان کار دەکەن و مانگی رابردوو تێکڕا 386 کاژێر موەلیدەکان کاریان کردووە".
 
لەبارەی کارەکانیان بۆ بەدواداچوون بۆ سەرپێچیی خاوەن موەلیدەکان بەتایبەت لەم  وەرزی هاوین و گەرمایەدا، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان گوتی: "لە مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 100 موەلیدە سزا دراون و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە، جۆری سەرپێچییەکان، درەنگ هەڵکردنی و خستنەکاری موەلیدەکان، دووکەڵی موەلیدەکان و بەکارهێنانی گازوایلی خراپ بوون."
 
قارەمان مەولوود ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بۆ دیاریکردنی کاژێرەکانی کارپێکردنی موەلیدەکان پشت بە چەند رێگەیەک دەبەستن، لەوانە؛ خشتەی کۆنترۆڵی کارەبا و پێوەری ژماردن لەنێو موەلیدەکان، هەروەها بۆ دڵنیایی زیاتریش، "لە فیدەری گەڕەکەکان بە نهێنی پێوەرمان داناوە بۆ ئەوەی بزانین موەلیدەکان چەند کاژێر کاریان کردووە."
 
لەنێو شاری هەولێر نزیکەی هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و بەگوتەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان: "99.9٪یان موەلیدەی بێدەنگن."
 
لەبارەی ئەو موەلیدانەی کە دووکەڵیان هەیە، گوتی: "ئێمە مۆڵەتی هەفتەیەکمان داناوە بۆ ئەو موەلیدانەی دووکەڵ دەکەن یان کێشەی ڤۆڵتییەیان هەیە یان گازی خراپ بەکاردەهێنن، لەدوای ئەو وادەیە سزا دەدرێن، تەنانەت موەلیدەی ئەهلی ماڵان یاخود نەخۆشخانە و مۆڵ و کۆمپانیاکانیش بێت، دووکەڵ بکات لێپێچینەوەی لێ دەکرێت".
 
بۆ بەدواداچوون بۆ سەرپێچیی موەلیدەکان و کەمتەرخەمیی خاوەن موەلیدەکان، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێت، "ئێمە ئاسانکارییەکی زۆر باشمان بۆ هاونیشتمانیان کردووە، داواکارین هاونیشتمانیانیش هەر کێشەیەکیان هەبێت راستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارەی سەر پسووڵەکانیان بکەن و لیژنەکان ئاگاداربکەنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.