رووداو دیجیتاڵ
بەهای پارچە زەوی لە گوندی هروور لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرانترین گوندەکان؛ یەک مەتر زەوی 100 دۆلار بۆ 200 دۆلارە. هۆکارەکەشی جوانیی ناوچەکە و دەستنەکەوتنی زەوییە بۆ ئاوەدانکردنەوە. گوندەکە دەکەوێتە دەڤەری بەرواری باڵا لە ناحیەی کانی ماسێ.
ئەمین هرووری، 32 ساڵە لە نەرویج دەژیت. ماوەیەکە گەڕاوەتەوە گوندەکە و سێ پارچە زەویی کە 350 مەترن بە بەهای 55 هەزار دۆلار کڕیوە و ئێستاش سەرقاڵی دروستکردنی خانووە لەسەریان.
ئەمین کە بازرگانە دەڵێت، "زەوییەکەم بە بەهای 55 هەزار دۆلار کڕیوە و زیاتر لە 60 هەزار دۆلارم لێداوە و تاوەکو راست دەبێت تێچووەکەی لەسەرم دەگاتە 80 هەزار دۆلار."
سرووشتە دڵڕفێن و باڵکێشی گوندەکە و کەمیی رووبەری ئاوەدانی هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی زەویی ناوچەکەن. تاوەکو ئێستا گرانترین پارچە زەوی لە هروور فرۆشرابێت، زەوییەکی 600 مەتر دووجا بووە و بە بەهای 130 هەزار دۆلار فرۆشراوە. هەرزانترین پارچە زەویش، زەوییەکی 90 مەتر دووجا بووە و بە بەهای 10 هەزار دۆلار فرۆشراوە. نرخی زەوییەکان بەگوێرەی بەرزی و نزمی، دووری و نزیکیی لە شەقام و ئاو دەگۆڕێت. ئەنجوومەنی گوندەکە رێگە نادەن زەوی بە کەسانی دەرەوەی گوندەکە بفرۆشرێت و بۆ ئەوە، ژمارەیەک مەرجیان داناوە.
مەحموود عەلی مامۆستایە و دەڵێت، "یەکەم ئەوەیە کە نابێت خەڵکی بیانی بێتە نێو گوندەکە و دەبێت دانیشتووی گوندەکە بن، دووەمیش، ئەگەر ویستم پارچە زەوییەکە بفرۆشم، سەرەتا پرسیار لە دراوسێکەم دەکەم. ئەگەر ویستی، زەوییەکە بەو دەدەم، ئەگەریش نەیویست، دواتر ناتوانێت گلەیی بکات بەکێی دەفرۆشم."
گوندی هروور دەکەوێت دەڤەری بەرواری باڵا لە ناحیەی کانی ماسێی سەر بە پارێزگای دهۆک. 40 ماڵ بەردەوام تێیدا نیشتەجێن. ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە تاوەکو ساڵی 2018، شەش هەزار و 381 کەس بووە و جگە لە گوندەکە، لە دهۆک، زاخۆ و دەرەوەی وڵات دەژین. پێش دوو ساڵ، بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا گوندەکە خەریک بوو چۆڵدەکرا. ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوە و ئاوەدانی لە گوندەکە دەستیپێکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ