هەفتەیەکە شەڕی تورکیا و پەکەکە دۆخی دێرەلووکی سەخت کردووە

18-08-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە ئاگر لە دارستانەکانی دێرەلووک کەوتووەتەوە. وێنە: رووداو
بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە ئاگر لە دارستانەکانی دێرەلووک کەوتووەتەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێرشەکانی تورکیا و بوونی پەکەکە لە دێرەلووک دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی سەختکردووە. هەفتەی رابردوو، دوو جار TNT لەنزیک ناحییەکە تەقیونەتەوە.  پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت خەڵکی ئێمە باجی شەڕێکی ناڕەوا دەدات.
 
بۆردوومانەکانی تورکیا بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەی بەرێ گارە لە ئامێدی کە بە سەتان دۆنم دارستانی ناوچەکەی سووتاندووە. تاوەکو دێتیش ئاگرەکە زیاتر تەشەنە دەکات. 
 
ئیبراهیم حەسەن جووتیارێکی گوندی گوهەرزە لە بناری چیای مەتین. یەکێکە لەو کەسانەی زۆرترین زیانی بەهۆی ململانێی نێوان پەکەکە و تورکیای بەرکەوتووە؛ تاوەکو ئێستا 10 دۆنەم رەز و باخی لەدەستداوە. دوو ساڵە بەیەکجاری لە گوندەکەی دابڕاوە. تەنیا دوو پارچە زەویی ماون و بە ترسەوە هاتووچۆیان دەکات. 
 
ئیبراهیم دەڵێت، "ئێمە ناوێرین سەردانی گوندە کۆنەکەمان بکەین، وێڕای ئەوەی وەکو هاوینەهەوار وایە، ئەوەندە فێنک و خۆشە. کانیاوی نییە، بەڵام ئاوی بیر باشە. ئێستا بە گەشتیش ناتوانین سەردانی بکەین." 
 
لە ماوەی ئەم هەفتەی رابردوودا، دۆخی ئەمنیی پێنج گوندی سەر بە ناحیەی دێرەلووک و دەورووبەری خراپتر بووە. دوو جار تی ئێن تی لە نزیک ناحیەکە تەقیونەتەوە کە بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان هی پەکەکە بوونە. هەروەها دوو جاریش تۆپ لەنێو گوندی گوهەرز کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
هەردوو تۆپەکە جگە لە زیانی مادی، ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو خەڵکەوە. یەکێک لەو تۆپانە بەر ماڵی عەبدولوەهاب ئیبراهیم کەوتووە.
 
مام عەبدولوەهاب دەڵێت، "گوتم بۆمبێک لەنێو حەوشەکە کەوتە خوارەوە. زانیم بەر خانووەکە نەکەوت. تەموومژێکی دروستکرد و دوای نەمانی تەپ و تۆزەکە. زانیم کە ئەمە فڕۆکە نییە. بەڵام ئەمە مەترسیدارە، نازانی کەی بەر سەرت دەکەوێت." 
 
دوو ساڵە هەریەکە لە گوندەکانی سەرگەلێ، بەرچی، بەلاڤە و گوهەرز ژیانیان لەژێر ئاگری شەڕی پەکەکە و تورکیا دەگوزەرێنن. پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، خەڵکەکەمان باجی شەڕێکی ناڕەوا دەدات. 
 
عەلی تەتەر دەڵێت، "ئێمە ئەم هەموو شەهید و قوربانییەمان دا بۆ ئەوەی رۆژێک بەخۆشی بژین، نەک بێی و تازە بڵێی ئەو ناوچەیە رزگار دەکەم. ناوچەکە خۆی ئاوەدانە، بۆ رێگە نادەی گوندەکانمان ئاوەدان بن، بۆ رێگە نادەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانمان بچن؟"
 
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چنگ - قفل لە ناوچەی زاپ، ئاڤا شین و مەتین دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە