لە سلێمانی پیاوێک دەکەوێتە نێو مەنهۆڵێکی ئاوەڕۆ

18-08-2017
شادیە رەسول
4 بڕبڕەی پشتی و هەردوو پێی شکاوە
4 بڕبڕەی پشتی و هەردوو پێی شکاوە
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

لە گەرەکی کەڵەکنی سلێمانی پیاوێک کەوتە نێو مەنهۆڵێکی ئاوەڕۆ، 4 بڕبڕەی پشتی هەردوو پێی و زۆربەی لەشی شکاوە. 


کادح سەعید خاوەنی 2 منداڵە و تەمەنی 42 ساڵە راپۆرتی پزیشکی دەڵێ لانیکەم دوو ساڵی پێویستە تاوەکو کێشەکەی چارەسەر دەبێ. لە سەر نابەرپرسیارێتی و دروستکردنی مەترسی بۆ خەڵک ماڵەکە سکاڵایان دژی بەڕیوەبەرایەتی رێگاوبان تۆمارکردوە ، دانیشووانی گەڕەکی کەڵەکن دەڵێن ساڵ و نیوێکە سەری مەنهۆڵەکە تەقیوە کەس چاکی ناکاتەوە، چەندین ئۆتۆمبێل و کەسیشی تێکەوتوە. 

کادح سەعید لەگەڵ ھاوژین و منداڵەکانی لە ماڵی خەزوورانی دەگەڕانەوە ، تاریکی شەو و چاوەڕوانییان بۆ راگرتنی تاکسییەک دەیخاتە نێو مەنھۆڵێکی قووڵ ، کە بەھۆیەوە 4 بڕبڕەی پشتی و ھەردوو ژێر پێی و ددانەکانی پێشەوەی شکاوە و تەوای جەستەشی کووتراوە.

کادح سەعید،  سەبارەت بە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەو بوو تاریک بوو، لەگەڵ مندالەکانم بە پیاسە دەرۆیشتن ، ویستمان بپەڕینەوە و بە تەکسی بڕۆین لەو کاتەدا زۆر دلم لای منداڵەکانم بوو ھەر دەمگوت ئاگاتان لە خۆتان بێت نەکەونە چاڵێکەوە ، ترسم زۆر بوو کەچی ھەر ئەوەندە ئاگام لێبوو خۆم کەوتمە ئەو مەنھۆلەوە کە ھیچ شتێکی لەسەر دانەنرابوو ، قاچم ترازا و ئاوام لێھات ئەوەی من بینیم تەنیا لە فیلمەکاندابوو".

ئەوەی لەو نیوە شەوەدا ، فریای ئەم پیاوە کەوت ، ھاوار و زریکەی ھاوژینەکەی بوو کە وایکرد چەند گەنجێک بەھانایانەوە بچن و کادح، لەنێو چاڵەکە بە گوریس رزگار بکەن.

شەھلا جەلال، ھاوژینی کادح سەعید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی کەوتە چاڵەکەوە زۆر ھاوارمکرد وامدەزانی ئەو چاڵە ئەوەندە قوڵ نییە ، دەستم برد بیھێنمەوە، بەڵام نەمتوانی ھەر لەو کاتەدا ئەو گەنجانە ھاتن و چوونە ناو چاڵەکەوە و بە گوریس و کۆڵ ھێنایانە دەرەوە ئەوان نەبوونایە نەمدەزانی چی بکەم".

ھەرچەندە دەڵێن چەند رۆژێکە مەنھۆڵەکە بە بەرد و دار دەوری گیراوە، بەڵام بۆ دووبارە نەبوونەوەی چیرۆکێکی دیکە، دار و بەرد چارەسەر نییە.

گەڕەکی کەڵەکن لە نزیک پارکی ھەواری شارە، ئەو مەنھۆڵ و چاڵە یەکەمجاری نییە سەرئێشە بۆ خەڵک دروست دەکات ، بەڵام نەکۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە و نەحکومەتیش نەھاتوون بەلایەوە. دوای ئەو رووداوە لەدادگای سلێمانی پەراوی یاسایی بۆ کۆمپانیاکە و رێگەوبانی سلێمانی کراوەتەوە.

رێبین عوسمان، دانیشتووی گەڕەکی کەڵەکن بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە ساڵێکە ئەم شوێنە ئاوایە چەندین جار ھاتووم و بەردم خستووەتە سەری بۆ ئەوەی نەک کەسێکی تێکەوێت، بەڵام لەم شەوانە ئەو رووداوە روویدا من مەبەستم بوو کە بەرد دابنێم بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان تێنەکەون نازانم چەند جار حکومەتمان ئاگادار کردووەتەوە ھیچ ناکەن".

بەختیار عەبدولڕحمان، دانیشتووی گەرەکی کەڵەکن بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە ساڵێکە بەھۆی ئاوزای باراناوەوە ، تەقیوە ھەر دەڵێن پارە نییە کە چاکی بکەینەوە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی ، لەسنووری ئەو فەرمانگەیە 50% شەقامەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە و ئەمەش گوژمەی 5 ملیار دیناری تێدەچێت ، بەڵام تەنگەژەی دارایی بووەتە ھۆکارێک کە دەستی فەرمانگەکەی بەستووە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە