رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، لە گەڕەکی شۆراوی شارەکە تەقە لە ماڵی عەمید غەریب بەرزنجی، بەڕێوەبەری بەشی نەوجەوانان کراوە و پاسەوانێکی کوژراوە.
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو کەس بە ماتۆڕسکیل تەقەیان کردووە، لەو کاتەدا عەمید غەریب لە ماڵ نەبووە و یەکێک لە پاسەوانەکانی بە گولـلە کوژراوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی، ماڵی عەمید غەریب دەکەوێتە سەر شەقامی پشتێنەیی کەرکووک - هەولێر.
عەمید غەریب پێشتر بەرپرسی بنکەی پۆلیسی یایجی بووە لە کەرکووک و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رەحیماوا بووە. پەیامنێری رووداو گوتی، بکوژەکان لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتوون و بە خێراییەکی زۆر بە کۆڵانەکەدا رۆیشتوون.
عەمید غەریب جگە لە ئەرکە فەرمییەکەی، کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵایەتیی کەرکووک و کادیری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە. پەیامنێری رووداو گوتی، عەمید غەریب گوتوویەتی، "کێشە و دووژمنایەتی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ