رووداو - هەڵەبجە
کامیل عەبدولقادر، بەرکەوتووی چەکی کیمایی هەڵەبجە کە بۆ چارەسەر لە وڵاتی ئەڵمانیایە دەڵێت، دۆخی تەندروستی خراپە و پێویستی بە هاوکارییە، رێکخراوەکانی هەڵەبجەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای بەدەمەوەچوونی بۆ دەکەن.
کامیل عەبدولقادر لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گوتوویەتی "بەهۆی لەکارکەوتنی سییەکانم مەترسی لەسەر تەندروستیم دروستبووە، ئەڵمانیا رازیبووە هاوکاریم بکات و مافی مانەوەم پێبدات، بەڵام چەند مەرجێکی هەیە کە دووانیان لە توانای مندا نییە بەتەنیا جێبەجێی بکەم".
بە گوتە کامیل، مەرجەکانی ئەڵمانیا بریتین لە: فێربوونی زمانی ئەڵمانی و نەمانەوە لە کەمپی پەنابەران و نیشتەجێبوونیەتی لە شوێنێکی تایبەتدا، کە سەرەڕای هەوڵەکانی ناتوانێت بە تەنها جێبەجێیان بکات، بەتایبەتی خاڵی دووەمی داواکارییەکە.
لەسەر ئەو داواکارییانەی، ئەمڕۆ کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەس و کاری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای هاوکاری و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کامیل عەبدولقادر یان کرد و دەڵێن "پشتگوێخستنی کامیل عەبدوقادر پشتگوێخستنی هەموو کەسانی بە ئەمەکە کە بە گیانی خۆیان پارێزگارییان لە هەرێمی کوردستان کرد".
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "نێچیرڤان بارزانی ئەوکاتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو هاوکاری زۆری کامیل عەبدولقادری کرد، داواکارین وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامبێت لە هاوکاریکردنی و ئەو بارگرانییە لەسەر شانی هەڵبگرێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کوڕەکەی کامیل عەبدولقادر نامەیەکی بۆ باوکی خوێندەوە و دەڵێت "بەردەوام بە و پێویستیمان پێتە، ئێمە دڵمان لاتە و لەیادمان نەکردویت".
کامیل عەبدولقادر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "بۆ فێربوونی زمانی ئەڵمانی بەردەوام کۆشش دەکەم و پشتیوان بەخوا بەهاوکاری چەند دڵسۆزێک فێر دەبم؛ بەڵام بۆ دەرچوون لەم کەمپەدا زۆر پێویستم بە مناڵەکانمە کە لە بەرواری 2017-11-29 ـەوە لێیان دابڕاوم، ناتوانم خۆم خزمەتی خۆم بکەم و بۆ هەموو شتێک پێویستم بەیەکێکە هاوکاریم بکات".
ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیایی ئەوەشی گوتووە "ئەگەر بەهانامەوە نەیەن ئەو دوو مەرجەی پزیشکەکان لەسەریان داناوم هەرگیز جێبەجێنابێت، لەبەرئەوە داوا لەدەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکەم کە ڤیزا بۆ منداڵەکانم وەربگرن تاوەکو لەنزیکەوە چاودێریم بکەن و خزمەتم بکەن بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی سییەکان بۆم".
دەقی داواکارییکەی کامیل عەبدولقادر لە فەیسبووک:
داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ