ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: موستەحیلە بە دەستێوەردانی هەڵبژاردن رازی بین

18-04-2024
سیروان عەباس
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "بەو دەستێوەردانەی هەڵبژاردن کە دەیانەوێ بە کەیفی خۆیان کورسییەکان دابەش بکەن، موستەحیلە رازی بین." ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێ، مەکتەبی سیاسی بە سەرۆک بافڵیشەوە رازی نین یەک خولەک دوابخرێت "بە قورئان یەکێتیشی تیدا نەبێ هەڵبژاردن دەکرێ."
 
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سێ جار کاتی هەڵبژاردنی دیاریکردووە، من دەپرسم کێ بوو نەیهێشت هەڵبژاردن بکرێ؟ لەکاتێکدا تەنیا پارتی پێداگری دەکرد لەسەر هەڵبژاردن.. ئەوان لە ترسی دۆڕان رێگەیان نەدا هەڵبژاردن بکرێ تاوەکو بڕیارێکی دادگەی فیدراڵییان هێنا بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان."
 
"موستەحیلە پارتی بە دەستێوەردان رازی بێت"
 
پشتیوان سادق دەڵێت: "هەڵبژاردنی 2020-2021ی عێراق کە پاکترین هەڵبژاردن بوو بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکەکەشی (سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن) وەکو ئەمەی ئێستا نەبوو، پارتی بەتەنیا 33 کورسی هێنا و هەموو لایەنەکان بەیەکەوە 30 کورسییان هێنا، ئەوکات پارتی لە پێنج کورسی کۆتاش یەک کورسی نەبرد. ئێستاش پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بەڵام ئەو دەستێوەردانەی کە دەیانەوێ بە کەیفی خۆیان کورسییەکان دابەش بکەن، موستەحیلە بەوە رازی بین."
 
'بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێ'
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێ: "با ئەوان بەبێ ئێمە هەڵبژاردن بکەن. لە هەڵبژاردنی پێشوو ئێمە کە زۆرینە بووین، نۆ مانگ لەسەر بەشداربووەکانی کابینەی حکومەت وەستاین تاوەکو حکومەتمان لەگەڵیان پێکهێنا، بەڵام ئەگەر ئەمجارە ئێمە حکومەتمان بەبێ ئەوان پێکهێنا، نابێ لێمان زویر بن."
 
ئەندامێکی سەرکردایەتی: بە قورئان یەکێتیشی تێدا نەبێ هەڵبژاردن دەکرێ
 
رووداو پرسیاری سەرگرتن یان نەگرتنی هەڵبژاردنی بەبێ بەشداری پارتی لە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی کرد. مەجید حەمەدئەمین لە وەڵامدا گوتی: "هەڵبژاردن بەبێ پارتی دەکرێ. بە قورئان یەکێتیشی تیدا نەبێ هەڵبژاردن دەکرێ. ئەمجارە بەغدا هەڵبژاردنەکە دەکات، عیلاقەی بەسەر ئەوەوە (بەشداریکردن یان نەکردن) نییە، بەشداری دەکەی سەرچاوم، کەس پارتی دەرنەکردووە و خۆی دەڵێ نایکەم. ئێ نایکەی سەر هەردوو چاوم. بەغدا هیچ کێشەیەکی لەسەر ئەو بابەتە نییە."
 
لە 1991ـەوە تائێستا یەکێتی ئەوەندەی ئەمجارە ئامادە نەبووە بۆ هەڵبژاردن
 
دکتۆر مەجید بەناوی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حیزبەکەشییەوە قسە دەکات و دەڵێت: "ئەوە قسەی هەموو مەکتەبی سیاسییە بە سەرۆک بافڵیشەوە. بە موتڵەقی یەکێتی رازی نییە نەک رۆژ و مانگ، تەنیا یەک خولەک دوابخرێت. هەموو ئیشەکانمان لە مەڵبەندەکان پەلە کردنە لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن. لە 1991ـەوە لەنێو یەکێتیم، هەرگیز وەکو ئەمجارە ساز و ئامادە نەبووە بۆ هەڵبژاردن، دوو ساڵە کار بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکەین."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، کۆمیسیۆن لە رێکارەکانی خۆی بەردەوامە. بڕیارێکی نووسراو هەیە بۆ هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران کە هەمووان لەسەری هاوڕابوون. 
 
بەرپرسی لقی 26ی پارتی: لە 33 ساڵی رابردوودا هیچ کاتێک وەکو ئەمجارە هەڵبژاردن لەژێر هەڕەشەدا نەبووە
 
بە گوتەی کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بەلای پارتییەوە هەڵبژاردن مەبدەئە. "ئەم هەڵوێستەی پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرت لە 33 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی کوردی، هیچ کاتێک وەکو ئەمجارە لەژێر هەڕەشە و دەستێوەرداندا نەبووە، بۆیە لە بەرژەوەندی کورد و پارتیش نەبوو هەڵبژاردن بەمجۆرە بکرێ. هەر لە رۆژی یەکەمی هەڵوێستەکەیەوە پارتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و حیزبە نێوخۆییەکان بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک کە هەردەبێ پێی بگەین."
 
کرمانج عیزەت دەڵێ: "پارتی کۆمەڵێک زانیاری هەبوو و لەخۆیەوە ئەو هەڵوێستەی نیشان نەدا. نامانەوێ هەڵبژاردنێکی شانۆگەرییانە بکرێت، دیزاینەکە خەڵک دایبڕێژێت نەک پێشتر داڕێژرابێت. خۆشبەختانە تێگەیشتن بۆ هەڵوێستەکەی پارتی هەیە، کۆمەڵێک جموجۆڵ هەیە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە هەوڵەکانی بەردەوامە، ئومێدمان هەیە کە هەڵبژاردن بەجۆرێک بکرێت کە خزمەتی خەڵکی کوردستانی پێبکەین."
 
کرمانج عیزەت: کە هەڵبژاردن دیزاین کرا، رەنگە سبەی حکومەتیش دیزاین بکرێ
 
ئەو بەرپرسەی پارتی پێیوایە، هەڵبژاردن دیزاین بکرێ، رەنگە سبەی حکومەتیش دیزاین بکرێ، "بۆیە دەبێ پارتی دڵنیا بکرێتەوە لە بێگەردیی هەڵبژاردنەکە. لە دەرەوە پێشنیازی کەس قبووڵ ناکەین. پارتی مکوڕە هەڵبژاردن بکرێ، ئێمە دوو ساڵ چاوەڕێی یەکێتیمان کرد، ئێستاش کە پارتی تێبینی هەیە، دەبێ یەکێتی ئەوەی لەبەرچاوبێت و ئاسەواری ناکۆکی کۆتایی بێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-04-2024، سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، ''لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پابەند بین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا.''
 
گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، بۆ راپەڕاندنی ئەرکی یاسادانان و جێبەجێکردن و خزمەتگوزاریی باشتر، گرنگ و پێویستە.
 
جەختکردنەوەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، سەرۆک بارزانی، دوێنێ (چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق گوتی، "دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك، زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ''هەڵبژاردن گرنگە و پێگەی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمان و حکومەتێکی کارا بەهێز دەبێت.''
 
ئەوەی وایکردووە تاوەکو ئێستا گومان هەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بایکۆتی پارتییە کە دەڵێت، "بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت،" ناکەین. 
 
بەر لە پارتی، 15 لایەنی کریستیانیش لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت''، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.
 
یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.