رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، لە دوو چالاکیی جیادا دەستیانگرتووە بەسەر زیاتر لە 59 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا و چەند تۆمەتبارێکیشیان دەستگیرکردووە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 18ـی نیسانی 2023، بڵاوکراوەتەوە، ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، دوو باندی بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆری مادەکەدا گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە دوو چالاکیدا بووە. چالاکیی یەکەم لە 12ـی نیسانی 2023دا دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (س، ك، أ - ك، ر، ح) بە چەند جۆر و بڕێکی جیاوازی مادەی ھۆشبەرەوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکراون کە یەکێکیان دانیشتووی شاری ھەولێرە.
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، ئەو تۆمەتبارە ئەم مادە هۆشبەرانەیان پێ گیراوە: کیلۆیەک هێرۆین، کیلۆ و نیوێک تریاک، نیوکیلۆ ماریوانا و 50 گرام کریستاڵ.
ئاسایشی راپەڕین باسی لەوە کردووە، "لە چالاکیی دووەمدا لە 9ـی نیسانی 2023، هێزەکانمان دەستیانگرت بەسەر بڕی 56 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا لە جۆری کریستاڵ، کە بە شێوەی شاراوە لەنێو ( 17 قتوی کەتیرە)دا بوو و ئامادەکرابوو بنێردرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
ئاسایش راشیگەیاندووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارانی هەردوو رووداوەکە کراوەتەوە.
بەگوێرەی بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایسی سلێمانی، ساڵی رابردوو بەپێی مادەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان 408 کەس دەستگیرکراون؛ 80 کەسیان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون و 328 کەسیش بەکارهێنەری مادە هۆشبەر بوون؛ 51 کەسیان بیانی و 357 کەسەکەی دیکە سەرجەمیان کورد بوون و لەنێویاندا 32 کەسیان لە رەگەزی مێ و 376 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی نێر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ