کوردستان

لە هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ 21 گەڕەک لەچوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پڕۆژەی کارەبای 24 کاژیرییەوە، لە هەرێمی کوردستان 337 موەلیدە کوژێندراونەتەوە. سەرچاوەیەکیش لە حکومەت دەڵێت، موەلیدەکان لانابرێن و گرێبەستیان لەگەڵدا دەکەن.
زۆرترین موەلیدە لە هەولێر کوژێندراونەتەوە کە 259 موەلیدەن، پاشان لە دهۆک 68 موەلیدە و لە سلێمانیش 10 موەلیدە کوژێندراونەتەوە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی کارەبای 24 کاژێری حکومییەوە، لە گەڕەکەکانی هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ 259 موەلیدە کوژێندراونەتەوە".
لە هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ 21 گەڕەک لەچوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری. بەگوێرەی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەو موەلیدانەی کوژێندراونەتەوە بەگوێرەی سنووری شارەواکانییەکان بەمشێوەیەیە: لە شارەوانیی یەک، 40 موەلیدە. شارەوانیی دوو، 55 موەلیدە، شارەوانیی پێنج، 56 موەلیدە و لە شارەوانیی شەشیش 108 موەلیدە.
هەکار هرووری، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەی رووناکی نەچووەتە جێبەجێکردنەوە، بەڵام کارەبای 24 کاژێری بۆ چەند ناوچەیەکی سنوورەکە لە رابردوودا دەستەبەر کراوە."
بەگوتەی هەکار هرووری، تاوەکو ئێستا بەهۆی کارەبای 24 کاژێرییەوە، 68 موەلیدە لە سنوورەکەیان کوژێندراونەتەوە، کە 30 موەلیدە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "ئەڤڕۆ سیتی" و 30 موەلیدە لەنێو بازاڕی شارەکە، هەروەها 4 موەلیدە لە گوندی فەرەنسی و چوار موەلیدەش لە قەزای ئامێدی کوژێندراونەتەوە.
لە سلێمانی پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری کەوتووەتە جێبەجێکردنەوە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی کارەبای 24 کاژێرییەوە، 10 موەلیدەی سنوورەکەمان کوژێندراوەتەوە."
لەبارەی چارەنووسی موەلیدە کوژێندراوەکان، بەرپرسێکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جارێ هیچ موەلیدەیەک لانابرێت، حکومەت گرێبەستیان لەگەڵدا دەکات بۆ 6 مانگ، دواتر بەگوێرەی پێویست نوێی دەکاتەوە".
ئامانجی حکومەت لە گرێبەست لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان ئەوەیە؛ ئەگەر کێشەیەک لە کارەبای 24 کاژێری دروستبوو کە پڕۆژەکە لەسەرەتادایە، موەلیدەکان هاوکاریی حکومەت بکەن و کارەبا بدەنە هاونیشتمانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ