رووداو - کەرکووک
پرۆژەی دروستکردنی دووسایدی نێوان هەردوو گەڕەکی عەرەفە و کوردستان لە کەرکووک هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام دووجار نۆژەن کراوەتەوە؛ بەشێکی قیرەکەی هەڵوەشاوەتەوە و لە بەشێکی دیکەیدا چاڵ و درزی گەورەی تێکەوتووە.
درێژیی پرۆژەکە چوار کیلۆمەترە و تێچووەکە هەشت ملیار دینارە. محەممەد دووکانی پەنچەرچی و رۆنگۆڕی هەیە و دەڵێت، بەهۆی تێکچوونی ئەو شەقامە نوێیەوە، ماوە ماوە رووداوی هاتووچۆ دروست دەبێت.
محەممەد مەجید، خاوەن دووکانی رۆنگۆڕین ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم پرۆژەیە تاوەکو ئێستا دووجار نۆژەن کراوەتەوە. لە گەڕەکی عەمەل شەعبی تاوەکو عەرەبە دەبێت بە شێوەی زیک زاک بەسەر شەقامەکەدا بڕۆیت، ئۆتۆمبێلی خۆم لەسەر ئەم شەقامە تایەی تەقیوە و ویلی خواردبوو. ئۆتۆمبێل هەبوو تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە."
کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە، هۆکاری تێکچوونی شەقامەکە بۆ کەموکوڕیی چەند فەرمانگەیەکی دیکە دەگەڕێنێتەوە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات.
لە کەرکووک بۆ وەرگرتنی تەندەری جێبەجێکردنی پرۆژە، دەبێت 25% لە تێچووی پرۆژەکە بە ئیدارەی کەرکووک بدرێت، ئەمەش وایکردووە پرۆژەکانی کەرکووک بە کوالێتی و تێچوویەکی کەم جێبەجێ بکرێن.
سۆران نورەدین، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، "شەش مانگ پێش کارکردنی ئێمە، پرۆژەی ئاوەڕۆ لەو شوێنە ئەنجام دراوە و بە شێوەیەکی باش پڕنەکراوەتەوە. نووسراومان بۆ شارەوانی و پارێزگار کردووە و سوودی نەبووە، بابەتی پێدانی پشک بابەتێکی ئاشکرایە و هەموو کەسێک دەیزانێت، بەڵام من قسەی لەسەر ناکەم."
هێرش وەلی بەڕێوەبەری بەشی پرۆژەکان لە شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "پرۆژەکە هێشتا لە واری جێبەجێکردندایە و تەواو نەبووە. کۆمەڵێک رێکارمان گرتووەتەبەر و پرۆژەکە وەرناگرین تاوەکو هەموو کارەکانی تەواو و پەسند نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنە خراپبووەکان بە باشترین شێوە چاکبکرێتەوە ئەو کات وەریدەگرین."
بەهۆی خراپی و کەمیی کوالێتی، کارکردن لە 53 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی دروستکردنی قوتابخانە، شەقام، شۆستە و بنکەی تەندروستی لە کەرکووک راگیراون، کە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ