هەسەدە، مەسەدە و رێڤەبەری خۆسەر کۆبوونەوە؛ 'جەخت لە سەرکەوتنی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق کرایەوە'

18-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە و رێڤەبەری خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوە. 

کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە، 18.02.2025 کراوە. راگەیاندنی رێڤەبەری خۆسەر دەڵێت، هەر سێ لایەنی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر "سەرکەوتنی دیالۆگ" لەگەڵ دیمەشق کردووەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا و گفتوگۆکان بووە لەگەڵ ئیدارەی نوێی وڵاتەکە. 
 
رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دەستپێکردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوخۆیی بۆ نوێنەران و کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە لە هەموو ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کرایەوە، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریی کارا و گشتگیری هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی رێڤەبەری خۆسەر، ئامادەبووان جەختیان لە "گرنگیی دیالۆگی بەردەوام" لەگەڵ دیمەشق کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەم دیالۆگە دەربڕی. 
 
ئەوەش هاتووە کە، پێداگرییان لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەنووکەییەکان لە رێگەی دۆزینەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی گونجاو کرد، وەک یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان و گەڕانەوەی ئاوارە زۆرەملێکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
 
کۆبوونەوەکە هەروەها ئاماژەی بە پێویستی گەیشتن بە راگرتنی ئاگربەست کرد بۆ دڵنیابوون لە پێشکەوتنی دیالۆگەکە و داوای لە کارگێڕی نوێی دیمەشق کرد بەرپرسیاریێتیی خۆی لەم بارەیەوە بگرێتە ئەستۆ.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە کۆبوونەتەوە و رێککەوتن کراوە لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ سوپای سووریا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – مەسەدە کۆبوونەتەوە و لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتنی گرنگ لە تووندوتۆڵکردنی هاوکاری و سەقامگیرکردنی سووریا.
 
ئەبو عومەر ئیدلیبی دەڵێت: "رێککەوتن لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' و دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەچوارچێوەی هەیکەلی سوپای سووریا کرا، ئەوەش بە ئامانجی یەکخستنی هەوڵەکان و پتەوکردنی هێزی نیشتمانی."
 
بە گوتەی ئیدلیبی، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر دووبارە کاراکردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی سەر بە دەوڵەت لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، "بۆ گەرەنتیکردنی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و باشکردنی ئاستی بژێوی دانیشتووان."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، کە یەکێک بووە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی نێوان هەسەدە و مەسەدە، رۆژی دووشەممە 17-02-2025 رایگەیاند، دیمەشق داوای لێکردوون شەڕڤانە ناسوورییەکان لە ریزەکانیاندا دەربکەن، دۆسیەی ئەمنی رادەستی حکومەت بکەن، کە دەستگیرکراوانی داعشیش دەگرێتەوە، هەروەها دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی بگەڕێنەوە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە